ئیسرائیل و حەماس گفتوگۆ دەکەن بۆ ئاگربەستێکی دیکە
رووداو دیجیتاڵ
هەوڵەکانی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس چڕبوونەتەوە بۆ رێککەوتن و ئاگربەستێکی نوێ لە کەرتی غەززە، دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بەرپرسی دەزگەی هەواڵگری ئیسرائیل لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە گفتوگۆدان بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانی دیکە.
رۆژی چوارشەممە، 20ی کانوونی یەکەمی 2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ ژمارەیەک لە بارمتە ئازادکراوە ئیسرائیلییەکان لە تەلئەڤیڤ کۆبووەوە و رایگەیاند، سەرۆکی دەزگەی مۆساد سەردانی ئەوروپای کردووە بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنی ئەو 129 بارمتەیەی هێشتا لای گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین دەستبەسەرن.
لەوبارەیەوە، نەتەنیاهوو دەڵێت، "دوو جار سەرۆکی مۆسادم ناردووە بۆ ئەوروپا بۆ ئەوەی بارمتەکان ئازاد بکەن. هەموو رێگەیەکیش دەگرینەبەر لەو پرسە، ئەوەش ئەرکی خۆمانە کە هەموویان بگەڕێنینەوە".
ئەم لێدوانە نوێیانەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەکاتێکدایە کە ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس ئەمڕۆ سەردانی میسری کرد، ئەمەش وەکو دەستپێکی هەوڵەکانی حەماس بۆ هێنانەکایەی ئاگربەستێکی نوێ لە کەرتی غەززە و کۆتاییهێنان بەو جەنگە 75 رۆژییە و هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیەی لە سەرەتای جەنگەوە لەسەر دانیشتووانی غەززە هەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس، سەرۆکی مۆساد دەیڤد بارنیا، ئەم هەفتەیە لە وارسۆی پایتەختی پۆڵاند بووە و لەوێ لەگەڵ بەڕێوەبەری دەزگەی هەواڵگری ئەمریکا "سی ئای ئەی"، بیڵ بێرنس، و شێخ محەممەد بن عەبدولرەحمان ئەلسانی سەرۆکوەزیرانی قەتەڕ، کۆبووەتەوە.
هەر سەبارەت بە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی نوێ، ئیسحاق هۆرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی "ئامادەیە بۆ ئاگربەستێکی مرۆیی نوێ و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی، تاوەکو بتوانن بارمتەکانی دیکەش ئازاد بکەن".
بڕیارە شەوی چوارشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبێتەوە، تاوەکو هەوڵێکی نوێ بدەن بۆ راگرتنی ئەو شەڕەی تائێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 19 هەزار و 600 فەلەستینی لە کەرتەکە و لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی.
مانگی رابردوو، بەنێوەندگیری میسر و قەتەر، ئاگربەستێکی هەفتەیی راگەیێندرا و بەهۆیەوە، 80 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازاد کران و لە بەرامبەریش، ئیسرائیل 240 گیراوی فەلەستینی ئازاد کرد.
بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ملیۆنێک و 900 هەزار غەززەیی بەهۆی ئەو جەنگەوە ئاوارەبوون و زۆربەشیان لە دۆخێکی خراپدا دەژین.