رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی جەنگی وڵاتەکەی لە دژی رووسیا رایگەیاند، کەس نازانێت ئەو جەنگە کەی کۆتایی دێت. ئاشکراشی کرد، داواکارییەکی سوپاکەی رەتکردەوە بۆ بانگهێشتکردنی 500 هەزار کەس بۆ نێو سوپاکەی وەکو ئامادەکاریی بۆ قۆناخی داهاتووی جەنگەکە.
رۆژی چوارشەممە، 20ی کانوونی یەکەمی 2023، ڤۆلۆدمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە پلانیدایە ساڵی داهاتوو ملیۆنێک درۆن دروست بکات، ئەمەش لەکاتێکدایە ئەو جەنگە لە دوو ساڵ نزیک دەبێتەوە و زلینسکی راشیدەگەیێنێت کە "درۆن بووەتە فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە لەو جەنگەدا."
لەوبارەیەوە، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، لە کیێڤی پایتەخت گوتی، "ساڵی 2024، یەک ملیۆن درۆن دروست دەکەن و وڵاتەکەی دەتوانێت بە تەنیا درۆن دروست بکات و هەوڵدەدەن هەموو سەربازێک لە فەوجەکەی درۆنێکی بەربکەوێت".
ئۆکراینا و رووسیا لەو جەنگە 22 مانگییەدا، بەشێوەیەکی بەرچاو درۆنیان لە دژی یەکدی بەکارهێناوە، بەتایبەت رووسیا کە پشتی بە درۆنی ئێرانی بەستووە، ئەمە جگە لەوەی درۆن بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی سەربازی و چاودێریکردنی جموجۆڵی هێزەکان بەکارهاتووە.
بەگوێرەی بەرپرسێکی سەربازی ئۆکراینی، سوپاکەی مانگانە پێویستی بە 100 بۆ 120 هەزار درۆنە، تاوەکو بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن و بەرپەرچی هێرشەکانی رووسیا بدەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئۆکراینا ئاشکرای کرد، داوایەکی فەرماندە سەربازییەکانی ئۆکراینای رەتکردووەتەوە، بۆ بانگهێشتکردنی 500 هەزار ئۆکراینی بۆ نێو سوپا.
هەروەها زیلینکسی هۆشداریدا لەوەی کە سوپاکەی لە سەنگەرەکانی پێشەوە لە دۆخێکی ناهەمواردان و پێویستیان بە هاوکاری زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
هەفتەی رابردوو، زیلینکسی لە ئەمریکا بوو بۆ رازیکردنی کۆنگرێسی ئەمریکا لە پێدانی 60 ملیار هاوکاری سەربازی ئەمریکی بۆ سوپاکەی، بەڵام میدیای ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات سەرۆکی ئۆکراینا سەرکەوتوو نەبووە لە هەوڵەکانی. ئەمەش لەکاتێكدایە هەر هەفتەی رابردوو لە میانی لووتکەی یەکێتی ئەوروپا، ڤیکتۆر ئۆربانی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، هاوکاری سەربازی یەکێتییەکەی بۆ ئۆکراینا بلۆککرد، کە بریتی بوو لە 50 ملیار یۆرۆ لە هاوکاری سەربازیی بۆ کیێڤ.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا، لە سەرەتای جەنگەکەوە لە 24ی شوباتی 2022وە، زیاتر لە 50 هەزار سەربازی رووسی کوژراون، جگە لەوەی 20 هەزار چەکداری گرووپی ڤاگنەریش لەو شەڕەدا کوژراون. ئۆکراینییەکانیش دەڵێن، زیاتر لە 30 هەزار سەرباز و چەکداریان لەو جەنگەدا کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ