تاڵیبان خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان لە کچ و ژنانی ئەفغانستان قەدەخە دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی ئەفغانستان لە نامەیەکی فەرمیدا کە بۆ تەواوی زانکۆ و پەیمانگەکانی وڵاتەکەی ناردووە، خوێندنی کچ و ژنانی لە زانکۆ و پەیمانگەکانی وڵاتەکەدا قەدەخەکرد. 
 
رۆژی سێشەممە 20-12-2022، نەدا محەممەد نازم، وەزیری خوێندنی باڵای ئەفغانستان نامەیەکی بۆ تەواوی زانکۆ و پەیمانگە حکومی و ناحکومییەکانی ئەو وڵاتە نارد و داوای لێکردن "بە زووترین کات" بڕیاری قەدەخەکردنی خوێندن بۆ کچ و ژنان لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا جێبەجێبکەن.
 
نەدا لە نامە فەرمییەکەیدا نوسیوویەتی: "ئێوە هەمووتان ئاگادارکراونەتەوە کە بە زووترین کات فەرمانی قەدەخەکردنی خوێندنی کچان جێبەجێبکەن تاوەکو فەرمانی نوێتان پێدەگات." 
 
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ئەو بڕیارەوە رایگەیاند: "ئەمریکا بە تووندی بڕیارە لەرزۆکەکەی تاڵیبان لە قەدەخەکردنی زانکۆ بۆ ژنان و کچان سەرکۆنە دەکات." 
 
ستیفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دۆخەکەی بە "کێشە دروستکەر" ناوبرد و دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە ئەمە بەڵێنێکی دیکەی شکاوی تاڵیبانە." 
 
ستیفان دووجاریک لەبارەی بڕیارەکەوە دەشڵێت، لە سەرەتای گەڕانەوەی تاڵیبانەوە بۆ دەسەڵات، بواری ئازادی ژنان بەرتەسککراوەتەوە، نەوەک تەنیا لە خوێندندا، بەڵکو لە بوارەکانی دیکەشدا.
 
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی: "ئەمە جووڵەیەکی زۆر کێشە دروستکەری دیکەیە و سەختە بتوانیت بیهێنیتە بەرچاوی خۆت کە چۆن دەتوانیت بەبێ بەشداری چالاکی ژن و خوێندنیان پێشکەوتن بەدەستبهێندرێت." 
 
راگەیاندنەکە لەو کاتەدا هات کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەسەر ئەفغانستان لە کۆبوونەوەدا بوو. نوێنەرانی ئەمریکا و بەریتانیاش بە تووندی سەرکۆنەی بڕیارەکەی تاڵیبانیان کرد.
 
رۆبێرت ود، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "تاڵیبان ناتوانێت چاوەڕێی بوون بە ئەندامێکی دانپێدانراوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات، تاوەکو رێز لە تەواوی ئەفغانستانییەکان و مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە سەرەتاییەکانیان نەگرێت."
 
تاڵیبان لەبارەی دەرکردنی بڕیارە نوێیەکەیەوە رایگەیاند، بڕیارەکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی و "نامووس"ی ژنانە. هەندێک لە بەرپرسانی دیکەی تاڵیبان دەڵێن، بڕیارەکە کاتییە و بۆ چاکسازیکردن لە سستمی خوێندندا ئەو کارە دەکەن.
 
تاڵیبان لە رابردوودا ژمارەیەک یاسای دیکەی بەسەر کچ و ژنانی ئەفغانستاندا سەپاندووە لە نێویاندا نەچوون بۆ بازاڕ و دەرەوە بە تەنیا، نەچوون بۆ پارک و مەلەوانگەکان، قەدەخەی گەشتکردن بەتەنیا، قەدەخەی خوێندن لە قۆناخەکانی 7 بۆ 12 بۆ کچ و ژنانی وڵاتەکە.