هێرشەکانی تورکیا و سەختیی رێگەی قاچاخ؛ چیرۆکی کۆچکردن لە کۆبانێوە تا ئەڵمانیا

20-12-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی پاراستنی سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا – فرۆنتێکس دەڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم 591 کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە لە وڵاتانی باکووری ئەفریقاوە رێگەی دەریای نێوەڕاستیان گرتووەتەبەر تاوەکو گەیشتوونەتە ئیسپانیا. دەشڵێت، ژمارەکە بەراورد بە ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
 
باران رەمەزان، هاونیشتمانییەکی تەمەن 38 ساڵی رۆژئاوای کوردستانە؛ چەند هەفتەیەک بوو لەگەڵ کۆچبەرانی دیکە لە شاری وەهران لە کەناراوەکانی جەزائیر چاوەڕێی دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی بە بەلەمێک بە دەریای نێوەڕاستدا بگاتە ئەوروپا.
 
چەند رۆژێک پێش ئەوەی دەست بە گەشتەکەی بکات، هەواڵی ئەوەی پێگەیشت کە بەلەمێکی بەقاچاخبردنی کۆچبەران کە هەندێک لە هاوڕێکانی هەڵگرتبوو، دوای جێهێشتنی کەناراوەکانی جەزائیر نووقم بووە. زۆربەی سەرنشینەکانیشی خنکابوون. 
 
باران بەو هەواڵە تووشی شۆک بوو، ئەوەش دوای ئەوەی چەند هەفتەیەکی لە رێگەدا بەسەربرد تاوەکو لە سووریاوە بگاتە جەزائیر و دواتر مانگێک چاوەڕێی قاچاخچییەک بکات بۆ ئەوەی بیخاتە نێو بەلەمەکەیەوە.
 
"گەڕانەوە نییە"
 
باران دوای ئەوەی هەزاران دۆلاری لە گەشتەکەدا خەرجکردووە و لەگەڵ هاوژینەکەی و کچە 4 ساڵ و 3 ساڵانەکانی رێگەی کۆچیان گرتەوەبەر، تازە گەڕانەوە قورسە. ئەوان ئێستا ئومێدی دەستکەوتنی ژیانێکی دوور لە شەڕ و ململانێ دەخوازن.
 
لەگەڵ دەیان کەسی دیکەدا سواری بەلەمێکی بچووکی ماسیگرتن بوون و سێڵفییەکی بە گرووپییان چرکاند بۆ ئەوەی بۆ کەسوکاریان بنێرن پێش ئەوەی هێڵی ئینتەرنێتیان نەمێنێت.
 
دوای 12 کاژێر گەشتکردن بە شەو، باران لە 15ـی تشرینی یەکەمدا گەیشتە شاری ئەلمێریای ئیسپانیا؛ دواتر گەیشتە ئەڵمانیا و لە نزیک بیلێفیڵد دادەنیشێت. ئەو لەگەڵ کەشوهەوای ساردی نیشتمانە نوێیەکەی راهاتووە و ئەپلیکەیشنی وەرگێڕان لە مۆبایلەکەی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی لە فێربوونی زمانی ئەڵمانیدا یارمەتی بدات. ئەو هاونیشتمانییە هیوادارە بەمزووانە دۆسیەکەی یەکلا بکرێتەوە. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم 246 کۆچبەر لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە رۆژئاوای دەریای نێوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا بێسەروشوێن بوون.
 
بەگوێرەی ئاژانسی پاراستنی سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا – فرۆنتێکس، لە سەرەتای ساڵی 2022ـەوە لانیکەم 591 کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە لە جەزائیر و مەغریبەوە رێگەی دەریای نێوەڕاستیان گرتووەتەبەر تاوەکو گەیشتوونەتە ئیسپانیا. ژمارەکە بەراورد بە ساڵی 2021 شەش هێندە زیادیکردووە. 
 

قاچاخچییەکی کورد لە جەزائیر
 
قاچاخچییەکی کوردی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کە ئێستا لە جەزائیرە دەڵێت، هەفتانە دەیان هاونیشتمانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە دەگەنە شاری وەهران لە باکووری جەزائیر بۆ ئەوەی گەشتی دەریا بەرەو ئەوروپا بکەن. قاچاخچییەکە دەڵێت: "هەرگیز پێشتر ژمارەیەکی هێندە بەرزی کۆچبەرانم نەبووە."
 
دەیەیەک زیاترە شەڕ، ململانێ و قەیرانی ئابووری جێپەنجەی خۆی لەسەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی باکووری سووریا داناوە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، گۆڕانی کەشوهەوا و قووڵبوونەوەی هەژاری لە چەند مانگی رابردوودا بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆلێرا.
 
هاوشێوەی باران، بەشێکی زۆر لەوانەی کۆچ دەکەن، خەڵکی شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانن؛ ئەو شارەی ساڵی 2014 لە بەرامبەر هێرشەکانی داعش بەرخودانی کرد و بووە مانشێتی رۆژنامە جیهانییەکان. تاوەکو ئێستاش زۆر جار بە "ستالینگرادی کوردی" ناودەبرێت.
 
جۆزێف داهێر، مامۆستا لە پەیمانگای زانکۆی ئەوروپی لە فلۆرانسی ئیتاڵیا دەڵێت: "شارۆچکەکە بە وێرانە ماوەتەوە و لەو کاتەوە کاری زۆر بۆ ئاوەدانکردنەوەی نەکراوە." دەشڵێت ئەو بڕە پارەیەی بۆ شارەکە تەرخانکراوە، "لە شارەکانی دیکەدا خەرجکراوە." 
 
هێرشەکانی تورکیا و کۆچکردنی هاووڵاتییان
 
پێشڤەچوونەکانی ئەم دواییە و هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر بەشێك لە خاکی رۆژئاوای کوردستان، بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵکی زیاتر لە رۆژئاوای کوردستان کۆچ بکەن. 
 
رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2022، تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیستقلال لە ناوچەی بەیئۆغڵو لە ئیستەنبووڵ روویدا و لە ئەنجامدا شەش کەس کوژران و 81 کەسی دیکە بریندار بوون. رۆژێک دواتر تورکیا پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکرد و گوتی: "پەکەکە بەرپرس بووە لە ئەنجامدانی تەقینەوەکە" و دواتریش رایگەیاند، فەرمانی تەقینەوەکە "لە کۆبانێوە دراوە"؛ تۆمەتێک کە هەر زوو لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە، هەسەدە و پەکەکەوە رەتکرایەوە.
 
دوای ئەوە، رۆژی 20ـی تشرینی دووەمی 2022 سوپای تورکیا دەستی بە بۆردوومانکردن و تۆپبارانکردنی رۆژئاوای کوردستان و چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کرد و ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بەناوی "چنگ – شمشێر" راگەیاند.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەشێوەیەکی بەردەوام هەڕەشەی هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات و دوایین جار رۆژی 3ـی کانوونی یەکەمی 2022 بوو کاتێک لە گوتارێکیدا لە شاری رووهای باکووری کودستان لە بەردەم هەزاران کەس رایگەیاند، لە بڕیاری دروستکردنی ناوچەی ئارام بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر "لە باشووری وڵاتەکەمان پاشەکشە ناکەین."
 
لە ساڵی 2016وە بە هاوکاریی هێزە نزیکەکانی، تورکیا سێ ئۆپەراسیۆنی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەنجامداوە. لە سەرەتای ساڵی 2018 تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە چڵە زەیتوونیان دەستپێکرد و دەستیان بەسەر هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کورستاندا گرت و لە تشرینی یەکەمی 2019ش ئەو هێزانە هێرشیان کردە سەر سنووری سەرێکانی و گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەوانیشیان خستە ژێر دەسەڵاتیانەوە. هەروەها ئۆپەراسیۆنێکی دیکەشی بەناوی قەڵغانی فورات بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان کرد.
 
هەموو ئەوانەش وایکردووە، تابێت ژیانی خەڵکی سڤیل لەو ناوچانە قورستر بێت و خەڵکی لە دەرەوەی نیشتمانی خۆیان بەدوای ئارامیدا بگەڕێن.
 

گەشتێکی پڕ مەترسی
 
بۆزان شاهین، ئەندازیارێکی خەڵکی کۆبانێیە. باس لە هێرشی تورکیا لە مانگی رابردوودا دەکات بۆ سەر ناوچەکانیان و دەڵێت: "دایکمم بینی لە ترسان دەلەرزی کاتێک خوشکە چوار ساڵانەکەمی ژیر دەکردەوە."
 
ئێستا، شاهین دەیەوێت یەکێک بێت لەو کوردانەی رۆژئاوای کوردستان بەرەو ئەوروپا جێدێڵن. ئەو دەڵێت: "هەندێک هاوڕێم هەیە کە رێگەیەکیان دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی لە رێگەی قاچاخچییەکەوە بگەنە لوبنان و دواتر لە رێگەی لیبیاوە بچنە شوێنێک. من هەموو وردەکارییەکان نازانم، بەڵام هەوڵدەدەم بزانم چۆن دەتوانم ئەو گەشتە بە سەلامەتی بکەم."
 
ئاژانسی ئەسۆشیەیتید پرێس کە لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریدا لەسەر زاری کۆچبەر و قاچاخچییەکان دەڵێت، کۆچکردنەکە چەند هەفتەیەک دەخایەنێت و هەزاران دۆلاری تێدەچێت، لەلایەن تۆڕێکی قاچاخچییەکانەوە بەڕێوەدەبردرێت کە "بەرتیل بە سەربازانی سووریا دەدات بۆ ئەوەی کۆچبەران لەڕێگەی خاڵەکانی پشکنینەوە بگەیێنن کە دەتوانرێت لەوێ بەهۆی خۆدزینەوە یان جموجۆڵی دژی حکومەت رابگیرێن، دواتر لەسەر سنوور بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بچنە نێو خاکی لوبنان." 
 
لەوێ، کۆچبەرەکان "بۆ ماوەی نزیکەی هەفتەیەک" بە شێوەیەکی ئاسایی لە شوقە قەرەباڵخەکانی بەیروتدا دەمێننەوە و لە باڵیۆزخانەی سووریاوە چاوەڕێی "پاسپۆرتی خێرا" دەکەن کە لە رێگەی قاچاخچییەکانەوە بۆیان رێکدەخرێت.
 
ئەو کۆچبەرانە بە پاسپۆرتەوە دەچنە میسر، چونکە هەڵگرانی پاسپۆرتی سووری دەتوانن بێ ڤیزە بچنە نێو وڵاتەکەوە، دواتر گەشتێکی دیکە دەکەن بۆ شاری بنغازی لە لیبیا، پێش ئەوەی بە چاوساخیی تۆڕێکی دیکەی قاچاخچییەکانەوە دەست بە گەشتەکەیان بۆ جەزائیر بکەن.
 
باران رەمەزان لەبارەی ئەو رێگایەوە دەڵێت، "قاچاخچییەکان ئێمەیان بە ڤان و جیپ لە رێگەی تەرابلوس و رێگای کەنار دەریاکانەوە بەنێو لیبیادا دەبرد و هەر 500 کیلۆمەترێک یان زیاتر ئۆتۆمبێلێکمان دەگۆڕی."
 
لە کاتی گەشتەکەیاندا بەنێو بیابانەکەدا، دەبوو ئەو خاڵە پشکنینانە ببڕن کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە کۆنتڕۆڵکراون.
 
لەو بارەیەوە، باران دەڵێت: "هەندێک لە پاسەوانی بازگەکان کاتێک دەیانزانی سووریایین، بە شێوەیەکی خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا کردین، پارە و تەلەفۆنەکانیان دەبرد، یان ناچاریان دەکردین بۆ ماوەی چەند کاژێرێک لەبەر گەرما بوەستین."
 
دەشڵێت، گرووپێکی چەکدار ئەو گرووپە کۆچبەرەیان رفاند کە پێش ئەوان رۆشتبوون و "داوای 36 هەزار دۆلاریان لێکردن بۆ ئەوەی ئازادبکرێن."
 
ئەو کاتەی گەیشتنە شاری وەهرانی جەزائیر، باران هێوربووەوە و چووە شوقەیەک کە قاچاخچییەکان بەڕێوەی دەبەن. لەوێ، باران و کۆچبەرەکانی دیکە، وەکو خۆی دەڵێت، زۆربەی کاتەکانیان لە ژوورەوە بەسەر دەبرد. 
 
کۆچبەرە کوردەکە دەڵێت: "نەماندەتوانی بەشێوەیەکی ئازادانە لە شاری وەهراندا هاتووچۆ بکەین، چونکە هێزە ئەمنییەکان لە هەموو شوێنێکن و ئێمەش بەشێوەیەکی یاسایی نەچووبووینە نێو وڵاتەکەوە. جگە لەوەش، شارەکە پڕ بوو لە چەتە کە پارەی کۆچبەرانیان دەدزی." 
 

لەنێوان پەشیمانی و هیوادا
 
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەسەڵاتدارانی جەزائیر بە دەستگیرکردنی کۆچبەران و دەرکردنیان لە سنووری وڵاتەکەیان تۆمەتبار دەکەن. بەگوێرەی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2021دا جەزائیر زیاتر لە 13 هەزار کۆچبەری بەرەو نەیجەری دراوسێی سنوورداش کردووە. 
 
سەرەڕای ئاسوودەیی لە گەیشتن بە ئەڵمانیا بە سەلامەتی و چانسی هێنانی هاوسەر و کچەکانی بۆ ئەوێ، بەڵام باران پەشیمانە لە جێهێشتنی کۆبانێ، کە نیشتمانی باو و باپیرانییەتی. 
 
باران دەڵێت: "هەمیشە دژی بیرۆکەی کۆچکردن یان تەنانەت ئاوارەبوون بووم. هەر کاتێک ناچاردەبووین بەهۆی شەڕەوە بچینە ناوچەیەکی دیکە، هەر کە دەمانتوانی، دەگەڕاینەوە کۆبانێ."
 
کۆچبەرە کوردەکە ئێستا زۆربەی کاتەکانی لە چاوپێکەوتنەکانی پەناخوازی و دانیشتنی دادگە بەسەر دەبات، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، تازە دەستی بەو پرۆسەیە کردووە کە چەند مانگێک لەمەوبەر خەونی پێوە دەبینی. ئەو هیواخوازە بەم نزیکانە مافی پەنابەرێتیی پێبدرێت بۆ ئەوەی هاوسەرەکەی و کچەکانی بتوانن لە ئەوروپا لەگەڵیدا یەکبگرنەوە. 
 
هەرچەندە باران خۆی هەست بە پەشیمانی دەکات کە نیشتمانەکەی جێهێشتووە، بەڵام ئیدی دەیەوێت ژیانی خۆی بۆ خێزانەکەی تەرخان بکات و دەڵێت: "سووریا بووەتە ناوەندی شەڕ، گەندەڵی و تیرۆر. ئێمە بۆ ماوەی 10 ساڵ بەم شێوەیە ژیاوین و نامەوێت منداڵەکانم بەم ئەزموونانەدا تێپەڕن و هەموو ئەو نەهامەتییانە ببینن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساڵانە لە 10ی موحەڕەم زیارەتکارێکی زۆری شیعەمەزهەب لە سەرتاسەری جیهان سەردانی عێراق دەکەن و لە نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە، ژمارەی زیارەتکارانی ئێرانی و پاکستانی پشکی شێریان بەردەکەوێت.

دەرفەتی کار لە عێراق بۆ پاکستانییەکان زیاتر دەبێت

بەغدا و ئیسلام ئاباد بەنیازن یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەن و رێکبکەون لەمەودوا دەرفەتی کاری زیاتر بۆ پاکستانییەکان لە عێراق بڕەخسێندرێت، ئەمەش وادەکات هاووڵاتییانی پاکستانی بە نایاسایی لە وڵاتەکە نەمێننەوە.