سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا بانگهێشتی ئیلۆن مەسک دەکات

20-12-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
نیشانەکردن ئیلۆن مەسک
A+ A-
رووداو - هەولێر

سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا بانگهێشتی ئیلۆن مەسک دەکات بۆ ئەوەی لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکە ئامادەبێت. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە یەکێتیی ئەوروپا بەهۆی داخستنی هەژماری ژمارەیەک رۆژنامەڤان، رەخنەی تووندی لە خاوەنی تویتەر گرت. 
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 19ـی کانوونی یەکەمی 2022 گوتەبێژی سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا لە نامەیەکدا بانگهێشتی ملیاردێرە ئەمریکییەکەی کردووە بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا ئامادەبێت.
 
پەرلەمانی ئەوروپا دەسەڵاتی ئەوەی نییە مەسک ناچار بە ئامادەبوون لە دامەزراوەکە بکات. تائێستاش مەسک هیچ وەڵامێکی داواکارییەکەی مێتسۆلای نەداوەتەوە.
  
مەسک کە خاوەنی کۆمپانیای تێسلای دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایییە، لەو کاتەوەی لە مانگی تشرینی یەکەمدا تویتەری بە 44 ملیار دۆلار کڕی، چەندین جار رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەتەوە سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردنەکەی لەگەڵ پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکە. 
 
لەدوای کڕینی تویتەر، مەسک نیوەی کارمەندەکانی لە کارەکانیان دوورخستەوە و هەژماری سڕکراوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای چالاککردەوە. ئەوەی لە هەمووی زیاتر یەکێتیی ئەوروپای بێزارکردووە، سڕکردنی هەژماری ژمارەیەک رۆژنامەڤان بوو کە دواتر گەڕاندنیەوە و بلۆککردنی ئەو هەژمارانە بوو کە "رەخنەیان لە مەسک و تویتەر گرتووە."
 
رۆژی 16ـی کانوونی یەکەمی 2022، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە تویتێکدا گوتی: "نابێت ئازادیی رۆژنامەگەری بە ویستی تاکەکەسی دابگیرسێندرێت و بکوژێندرێتەوە". گوتیشی کە ئەوان وەکو ئەڵمانیا کێشەیان "لەگەڵ تویتەر هەیە". 
 
هاوکات، کۆمیسیۆنی ئەوروپا هۆشداریدایە مەسک بەوەی کە دەکرێت بەهۆی ئازادیی میدیاوە دووچاری سزای یەکێتیی ئەوروپا ببێتەوە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە، 15ـی کانوونی یەکەم، تویتەر هەژماری ژمارەیەک لەو رۆژنامەڤانانەی هەڵپەسارد کە پێشتر رەخنەیان لە تویتەر و ئیلۆن مەسک گرتووە. 
 
هەژماری رۆژنامەڤانانی هەریەک لە سی ئێن ئێن، نیویۆرک تایمز و واشنتن پۆست لەنێو ئەوانە دابوون کە سڕ کرابوون. 
 
لەوبارەیەوە سی ئێن ئێن لە تویتێکدا نووسی: "راگرتنی هەڕەمەکی و بێپاساوی تویتەری ژمارەیەک رۆژنامەڤان نیگەرانکەرە، بەڵام مایەی سەرسوڕمان نییە". گوتیشی کە داوای لە تویتەر کردووە بۆ ئەوەی روونکردنەوە لەوبارەوە بدات. 
 
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش لە راگەیێندراوێکدا گوتی کە وەڵامێکیان لە تویتەر دەوێت سەبارەت بە سڕکردنی هەژماری رۆژنامەڤانەکانیان. 
 
رۆژی دووشەممە، مەسک راپرسییەکی لە تویتەر بڵاوکردەوە سەبارەت بەوەی وەکو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێگە هەواڵییە ئەلیکترۆنییەکە بمێنێتەوە یان نا؛ 57.5٪ـی دەنگدەران گوتیان کە دەبێت مەسک پۆستەکە جێبێڵێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هۆکارەکەی لەم ڤیدیۆیەدا بزانە

ئەم مانگە متمانە بە ئابووریی ئەڵمانیا بە رێژەی 50٪ دابەزیوە

بەپێی داتا فەرمییەکان، گەشەی ئابووریی ئەڵمانیا لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا 0.1٪ پاشەکشەی کردووە. لە کاتێکدا، ئابووریی ئەو وڵاتە لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا 0.2٪ گەشەی کردبوو.