لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق دوو کەس کوژران

20-12-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
رووداو - هەولێر

میدیای فەرمیی سووریا رایدەگەیێنێت، شەوی رابردوو سوپای ئیسرائیل ناوچەیەکی دیمەشقی پایتەختی سووریای مووشەکباران کردووە. سەرچاوە خۆجێیەکانیش ئاماژە بە کوژرانی دوو کەس دەکەن. 
 
بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی 2022، میدیای فەرمیی سووریا رایگەیاند، دەنگی ژمارەیەک "تەقینەوە لە دەوروبەری شاری دیمەشق بیستراون". هاوکات، لەسەر زاری سەرچاوەیەکی سەربازی رایگەیاند: "کاژێر 12:30 نیوەشەو بەکاتی دیمەشق [هەمان کاتی هەولێر] سوپای ئیسرائیل مووشەکبارانی ژمارەیەک خاڵی دەوروبەری شاری دیمەشقی کردووە."
 
سەرچاوە سەربازییەکە بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندووە کە "سیستەمی بەرگریی ئاسمانیمان هێرشی دەستدرێژیکارانیان بەرپەچداوەتەوە و ژمارەیەک مووشەکی خستووەتە خوارەوە."
 
لای خۆشیەوە، سەرچاوە نێوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، هێرشەکان کۆگەیەکی حیزبوڵلایان کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس.  بەڵام سەرچاوە سەربازییەکە، تەنیا ئاماژەی بە برینداربوونی "دوو سەرباز و زیانی ماددی" کردووە. 
 
لەو کاتەوەی لە ساڵی 2011 شەڕی نێوخۆیی سووریا دەستیپێکردووە، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا کە بە زۆریش هێزەکانی حکومەتی سووریا و حیزبوڵڵای نزیک لە ئێران دەکاتە ئامانج.  
 
ئیسرائیل ئەوە ناشارێتەوە کە هێرشی لەو جۆرەی کردووەتەسەر سووریا و دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ ئەوەیە هەژموونی ئێران لەو وڵاتە کەمبکاتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە