چیلی؛ گابریێل بۆریک وەکو گەنجترین سەرۆک لە مێژووی وڵاتەکەی هەڵبژێردرا

 
رووداو دیجیتاڵ

گابریێل بۆریک، بەربژێری چەپی سەرۆکایەتیی چیلی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەیدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دەبێتە گەنجترین سەرۆک لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.
 
بۆریک کە تەمەنی 35 ساڵە 56%ـی کۆی دەنگەکانی بەدەستهێنا و سەرکەوتنی بەسەر جۆزێ ئانتۆنیۆ کاستی رکابەریدا تۆمارکرد. 
 
لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە، دەیان هەزار کەس رژانە سەر شەقامەکانی پایتەختی ئەو وڵاتە و ئاهەنگی سەرکەوتنی بۆریکیان گێڕا. ئەوان بە هۆڕن لێدان، گوتنەوەی هوتاف، بەرزکردنەوەی ئاڵا و تەقاندنی یاریی ئاگرین ئاهەنگیان گێڕا.
 
رۆژی یەکشەممە هەڵبژاردنی چیلی بەڕێوەچوو، کە ئەوەش لەدوای خۆپێشاندانی گەورەی دژی حکومەت هات.
 
پێشتر، وەکو سەرکردەی خۆپێشاندانی قوتابییان، بۆریک پاڵپشتیی داوای خۆپێشاندەرانی کرد بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و نایەکسانی کە لە ساڵانی 2019 و 2020دا چیلیی هەژاند.
 
لە کاتی کەمپینەکەیدا، بۆریک بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی باشتردەکات و باج لەسەر دەوڵەمەندەکان زیاد دەکات. ئەوەش لە کاتێكدایە کە بۆشاییەکی زۆر لە نێوان چینی هەژار و دەوڵەمەند لەو وڵاتەدا هەیە.
 
لە یەکەم گوتاریدا دوای سەرکەوتنی رایگەیاند، حکومەتەکەی سیستەمی تەندروستی باشتر دەکات و مووچەی کارمەندان زیاد دەکات.
 
گابریێل بۆریک گوتی، "هاونیشتمانیانی خۆشەویست، گۆڕانی کەشوهەوا داهێنانێک نییە بکرێت. گۆڕانی کەشوهەوا لێرەیە و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی ئێمە و نەوەکانی داهاتوومان هەیە. ئەوە راستە کە چینی گەنجان دەنگیان هەڵبڕی لە شاری گرێتاوە تاوەکو جولیێتا. لێرە لە چیلی لەبەردەم ئەو هێزە ناعەقڵانیانەی کە بەردەوام گەنجان تێکدەشکێنن دەنگیان هەڵبڕی. بە زیانگەیاندنی جیهان، زیان بە خۆمان دەگەیێنین. چیدیکە نامانەوێت قوربانی بدەین. چیدیکە پرۆژەی زیاترمان ناوێت کە چیلی و کۆمەڵگەکەمان لەنێودەبەن. ئەمە کەیسێکە کە بووەتە سیمبوول: نەخێر بۆ پرۆژەی کانەکان".
 
ئەو کەسایەتییە چەند جارێک رایگەیاندووە، ئامانجی ئەوەیە ستایلێکی سۆسیال دیموکراسیی ئەوروپی لە چیلی جێبەجێ بکات، کە مافی ئابووری و سیاسی فراوان بکات و ئەو جیاوازییەی ماوەیەکی زۆرە لەنێو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا هەیە نەیهێڵێت.
 
ئەم ئەرکەشی وەکو ئاڵنگارییەکی "قورس" دەبیندرێت، لە کاتێکدا دابەشبوونی ئایدۆلۆژی بەهۆی قەیرانی ئابووری و پەتای کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا قووڵ بووەتەوە.
 
پرۆفایلی سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراوی چیلی:
 
ناوی تەواوی: گابریێل بۆریک فۆنت
رۆژ و ساڵ و شوێنی لەدایکبوون: 11-2-1986 لە شاری پونتا ئارێناس
بڕوانامە: بەکالۆریۆس لە یاسا - زانکۆی چیلی
دیدی سیاسی: کەسێکی چەپە
پارت: پارتی سۆسیال کۆنڤێرجنس
 
لە ساڵی 2011 تاوەکو 2013 پێشڕەوی خۆپێشاندانی قوتابیانی کردووە، لە 2011 - 2012 سەرۆکی فیدراسیۆنی خوێندکاران بووە، 19-12-2021 وەکو سەرۆک هەڵبژێردرا و 11-03-2022 وەکو سەرۆکی وڵات دەستبەکار دەبێت.