بەهۆی سێڵفییەکی بێ دەمامکەوە سەرۆکی چیلی بە 3500 دۆلار سزادرا


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی دەرکەوتنیەوە لە وێنەیەکی سێڵفیدا بەبێ دەمامک، سەرۆکی چیلی بە پێبژاردنی بڕی 3500 دۆلار سزادرا و کارەکەی بە پێشێلکردنی رێوشوێنەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا دانرا. ئەوەش لە کاتێکدا حکومەتی وڵات رێکاری تووندی بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە، گرتووەتەبەر.
 
سیباستیان پینێرا، سەرۆکی چیلی لە سەرەتای مانگی پێشوودا رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە کاتێک ئافرەتێک کە ئەویش دەمامکی نەبەستووە، وێنەیەکی سێڵفی بێ دەمامکی لەگەڵ پینێرادا بڵاوکردەوە، وێنەکە لە سۆشیاڵ میدیای وڵاتەکەدا سەرۆکی رووبەڕووی رەخنەی زۆر کردەوە.
 
سەرۆکی چیلی داوای لێبوردنی کرد، دانی بەوەدانا دەبوو دەمامک ببەستێت کاتێک ئافرەتێک لە کەناراوەکانی نزیک ماڵەکەی خۆیدا، داوای گرتنی وێنەیەکی سێڵفی لێکرد لە ناوەڕاستی چیلی.
 
پۆلیسی چیلی پێبژاردنی بڕی 3500 دۆلاری بەسەر سەرۆکی وڵاتەکەدا سەپاند ئەوەش بەهۆی ئەوەی چەندین جار پێشێلی پابەندییەکانی خۆپاراستنی لە کۆرۆنا کردووە.
 
دەسەڵاتدارانی چیلی لەنێو رێوشوێنە تووندەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا، بەستنی دەمامکی ناچارییان بەسەر خەڵکدا سەپاندووە بەتایبەتی لە شوێنە گشتییەکان. پێشێلکارانی ئەو رێنماییانەش، رووبەڕووی سزای پێبژاردن تاوەکو بەندکردن دەبنەوە.
 
ژمارەی تووشبوون بەکۆرۆنا لە چیلیدا بەردەوام لە زیادبووندان، وڵاتەکە بەرزترین ژمارەی مردنی بەهۆی نەخۆشییەکەوە لەسەر ئاستی هەموو ئەمریکای لاتیندا تۆمارکردووە.
 
دەسەڵاتدارانی چیلی ئاشکرایانکردووە، تاوەکو ئێستا 581،135 کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون و 16 هەزار و 51 کەسیش، گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەوە یەکەمجار نییە سەرۆکی وڵات لە وێنەکانیدا بێ دەمامک دەردەکەوێت. ئەو کارە ئەوی رووبەڕووی شەپۆلی تووندی رەخنە کردووەتەوە.
 
ساڵی رابردوو کاتێک وڵاتەکە شەپۆلی تووندی ناڕەزایی و داواکاریی یەکسانی بەخۆوە دەبینی، سەرۆکی وڵات لە ئاهەنگێکی خواردنی پیزادا دەرکەوت. لە نیسانی رابردووشدا، وێنەیەکی خۆی لە گۆڕەپانێکدا بڵاوکردەوە کە پێشتر سەنتەری خۆپێشاندانەکانی دژی حکومەت بوو.
 
حکومەتی چیلی باری لەناکاوی لە وڵاتدا راگەیاندووە بەهۆی بەربڵاویی نەخۆشییەکەوە و ئەو دۆخە لە کانوونی یەکەمی رابردووەوە دەستی پێکردووە.