دەکرێت حکومەتی ئەمریکا کۆمپانیای گووگڵ ناچار بکات براوزەری کرۆم بفرۆشێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دادی ئەمریکا بە ئەگەری زۆر کۆمپانیای گووگڵ ناچار دەکات دەستبەرداری براوزەری کرۆم ببێت و بیفرۆشێت.
 
حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا و 17 ویلایەتی دیکەی ئەو وڵاتە کۆمپانیای گووگڵیان بە قۆرخکاری لە بازاڕدا تۆمەتبار کردووە.
 
میدیای ئەمریکا باس لەوە دەکات، بە ئەگەری زۆرەوە وەزارەتی دادی ئەمریکا داوا لە ئامیت مەهتا، دادوەری ئەو کەیسە یاساییە دەکات کە گووگڵ ناچار بکات کرۆم بفرۆشێت.
 
کۆمپانیای گووگڵ لەڕێگەی براوزەری کرۆمەوە داتای تاکەکەسی بەکاربەرانی کۆدەکاتەوە و بە مەبەستی بازرگانیی ریکلام کەڵکی لێوەردەگرێت، ئەوەش بووەتە هۆکار کە بەشی بازرگانیی ریکلامی گووگڵ گەشە بکات و زۆر قازانجدار بێت.
 
براوزەری کرۆم دەروازەی کۆمپانیای گووگڵە بۆ خزمەتگوزارییەکانی دیکەی وەک (گووگڵ سێرچ)، (جی مەیل)، ( گووگڵ درایڤ) و (جیمێنای).
 
بەپێی کۆمپانیای (ستەیت کانتەر) کە پەیوەستە بە ترافیکی ئینتەرنێت، 2 لەسەر 3ی بەکاربەرانی ئینتەرنێت گەڕانەکانیان لە رێگەی کۆرۆمەوە ئەنجام دەدەن. دوای کرۆم، براوزەری کۆمپانیای ئەپڵ دێت کە 18٪ی گەڕانی ئینتەرنێت پێکدەهێنێت.
 
ئەگەر کۆمپانیای گووگڵ ناچار بکرێت بەشی کرۆمی بفرۆشێت، ئەو هەنگاوە کاریگەری لەسەر قازانج و داهاتی ئەو کۆمپانیا و کۆمپانیاکانی دیکەی ئینتەرنێت دەبێت.
 
وەزارەتی دادی ئەمریکا داواکاری دیکەی لە کۆمپانیای گووگڵ هەیە کە پەیوەستن بە بەشەکانی ژیریی دەستکرد، سیستمی بەکارخەری ئەندرۆید و مۆڵەتدانی کۆمپانیاکە کە بەشی سەرەکی بازرگانی گووگڵ پێکدەهێنن.
 
وەزارەتی دادی ئەمریکا داوایشی لە گووگڵ کردووە سیستمی ئەندرۆید بفرۆشێت، بەڵام ئێستا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بازرگانییە جیاوازەکانی لە یەک جیابکاتەوە وەک پلەی ستۆر، گەڕانی ئینتەرنێتی و بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانی دیکە.
 
وەزارەتی دادی ئەمریکا لە مانگی 10ی ساڵی 2020 سکاڵای دژی کۆمپانیای گووگڵ تۆمارکرد و کۆمپانیاکەی بە قۆرخکاری لە بازاڕدا تۆمەتبارکرد.
 
90%ی داهاتی کۆمپانیای گووگڵ لە رێگەی گەڕانی ئینتەرنێت و ریکلامەوە بەدەست دێت.
 
بەپێی راپۆرتی دارایی چارەکی سێیەمی ئەم ساڵی کۆمپانیای ئەلفابێت، لە 3 مانگی سێیەمی ئەم ساڵدا کۆمپانیای گووگڵ زیاتر لە 88 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە.