لە چەندین وڵاتی جیهان لافاو دروست بوو

رووداو دیجیتاڵ 

لە ناوەڕاستی وەرزی پاییز، بارانی بەلێزمە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو و بەهۆیەوە زیانی گیانی و ماددی گەورەشی لێ کەوتووەتەوە.
 
لە چەند وڵاتێکی ئەفریقیا، ئەمریکا و ئەمریکای باشوور و چەند ناوچەیەکی دیکەی جیهان لە دوو رۆژی رابردووەوە لافاو دروست بووە.
 
بەهۆی لافاو لە بەلەدوێنی ناوەڕاستی سۆماڵ، تائێستا 31 کەس گیانیانیان لەدەستداوە؛ سەرەتا خەڵک بە تراکتۆر گوازرانەوە، بەڵام پەکیکەوت و پەنابرایە بەر گوێدرێژەکان.
 
لافاو دەوڵەمەند و هەژارەکان نانانسێت و وڵاتانی دواکەوتوو لە پێشکەوتووەکان جیاناکاتەوە؛ لە فلۆریدای ئەمریکا، رێگەکان نوقمی ئاو بوون و مەنهۆڵەکان پڕ لە باراناون. هەندێ جادە وێران بوون؛ قوتابخانەکانیش تاوەکو راگەیێندراوی نوێ، داخراون. 
 
لە ویلایەتی ئۆهایۆی باکووری ئەمریکا بارودۆخ خراپتر بوو. بارانی بە لێزمەی 24 کاژێری، لافاوی لە هەندێ شوێن دروستکرد، ئۆتۆمبێلەکان نغرۆی ئاو بوون و رێگەوبان داخران و کار و کاسپی وەستا. 
 
لە بەرازیل لە باشووری ئەمریکا باران و لافاو بوونە هۆی مردنی لانیکەم 6 کەس، ژمارەی بێسەروشوێنانیش هێشتا بە دروستی دیار نییە.
 
لە کۆماری دۆمینیکا لە باشووری ئەمریکا، دوو رۆژ باران بێ بڕان بووە هۆی دروستبوونی لافاو. لانیکەم 21 کەس لەنێویاندا 3 منداڵ، گیانیان لە دەستداوە و پێشبینی خراپتربوونی زیاتری کەشوهەواش دەکرێت.