لە کینیا کاخەزی کۆن بۆ دروستکردنی پێنووس بەکاردەهێندرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە کینیا کاخەزی کۆن بۆ دروستکردنی پێنووس بەکاردەهێندرێت. محەممەد لە شاری نایرۆبیی کینیا کارگەیەکی بچووکی داناوە و ژمارەیەک گەنج تێیدا کاردەکەن؛ ئەوان پەڕاوی رۆژنامەی کۆن دەبڕنەوە و پێنووسی لێ دروستدەکەن.
 
بە گوتەی خاوەن کارگەکە، ئامانجی کارەکەیان خزمەتکردنە بە ژینگەی ئەو وڵاتە و رێگەگرتنە لە بڕینەوەی لەڕادەبەدەری درەخت بۆ بەرهەمهێنانی کاخەز و پێنووس.
 
محەمەد عومەری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای مۆمۆ پێنسڵ دەڵێت، "بە ژمارە، ساڵانە 82 هەزار درەخت بۆ دروستکردنی پێنووس دەبڕدرێتەوە. ئەگەر ژمارەکە بۆ کاتێکی زۆر لێکبدەیتەوە، زۆر کاریگەری دەکاتە سەر دارستانەکانمان."
 
تەواوی ئەو کاخەزەی کارگەی مۆمۆ بۆ دروستکردنی پێنووس بەکاریدەهێنێت لە نێوخۆی وڵات دەیکڕێت، ئەمەش پاڵپشتیی ریسایکلینی پاشماوەی کاخەز دەکات و هانی کەمکردنەوەی بڕینی درەخت دەدات.
 
بەگوێرەی رێکخراوی زەوی، ساڵانە 100 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە دارستان لە جیهاندا دەبڕدرێتەوە، 42%ی تەواوی ئەو درەختانەش بۆ دروستکردنی کاخەز بەکاردەهێندرێت.
 
جیهان لە ساڵێکدا 400 ملیۆن تۆن کاخەز بەکاردەهێندرێت کە بەرهەمهێنانی یەک تۆن 2,700 لیتر ئاوی سازگاری پێویستە و پاشماوەکەشی 26%ی تەواوی خاشاکی جیهان پێکدەهێنێت.
 
بەگوێرەی رێکخراوی فۆرێست وۆچ، لەنێوان ساڵانی 2000 بۆ 2020دا، چوار هەزار و 20 کیلۆمەتر چوارگۆشەی دارستانەکانی کینیا لەنێوچوون، بۆیە شارەزایان پرۆژەی هاوشێوەی ئەو کارگە بچووکە بە گرنگ سەیردەکەن.
 
فرێدریک نجاو، پسپۆڕ لە ناوەندی هاینریچ بۆڵ دەڵێت، "بەگوێرەی ستانداردی جیهان، پێوستە زیاتر لە 10%ی رووپۆشی دارستان هەبێت لە هەر وڵاتێکدا. ئێستا کینیا خاوەنی 5% رووپۆشی دارستانە، بەڵام دامەزراوەی وەکو پێنووسی مۆمۆ کارێکی زۆر باش دەکەن لە کەمکردنەوەی وێرانکاریی دارستانەکان."
 
لە کارگەکەی محەممەد-دا، پێنووسی کواڵتی جیاواز دروستدەکرێن؛ وەکو خۆی دەڵێت، نرخی هەر پێنووسێکی 0.1 دۆلارە و ئەگەر جۆرێکی باش داوابکەیت پێویستە 0.5 دۆلار بۆ کڕینی پێنووس بدەیت.