پۆڵەندا تەکنەلۆجیای نوێ بۆ پاراستنی سنوورەکانی لە کۆچبەران بەکاردەهێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

پۆڵەندا نوێترین تەکنەلۆجیا لەسەر سنووری نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ بێلاڕووس دادەنێت، ئامانجیشی لەو کارە داخستنی هەموو رێگەیەکە بەڕووی کۆچبەرانی نایاساییدا.
 
تۆماز پراگا، فەرماندەی پاسەوانانی سنوور لە پۆڵەندا رایگەیاند، "ئێمە لەم شوێنە وەستاوین و یەکەمین هەنگاو دەنێین بۆ زیاترکردنی ئاسایشی سنوورەکانمان لە بەرامبەر هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی. دیوارە پۆڵایینەکانمان بە ئامێری نوێی تەکنەلۆجی بەهێزتر و تۆکمەتر دەکەین."
 
درێژیی سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕووس نزیکەی 400 کیلۆمەترە؛ لە هاوینی ئەمساڵدا پۆڵەندا دیوارێکی ئاسنینی بە درێژیی 186 کیلۆمەتر لەسەر سنوور دروستکرد. ئێستا لەسەر 21 کیلۆمەتر لەو دیوارە 42 کیلۆمەتر لە وایەری هەستیاری ئەلیکترۆنیی داناوە، 241 کامێرا جێگیرکراون کە 67یان گەرمبینن و 24 کاژێر کار دەکەن.
 
پۆڵەندا بەنیازە ئەو تەکنەلۆجیا نوێیە لەسەر هەموو دیوارەکە جێگیر بکات. بەرپرسانی پۆڵەندا ترسیان هەیە هەمان سیناریۆی ساڵی رابردوو دووبارە ببێتەوە کە هەزاران کۆچبەر لە بێلاڕووسەوە روویان کردە سنوورەکانی پۆڵەندا و قەیرانێکی مرۆیی لێکەوتەوە و بەهۆی سەرما و خراپیی دۆخی مرۆیی و مامەڵەی تووندی پاسەوانی سنووری پۆڵەندی و بێلاڕووس، لانیکەم 21 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا.
 
ماریوز کامینسکی، وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا رایگەیاند، "دوای ساڵێک، دۆخەکەمان تاڕاددەیەک ئارامترە. سوپاس بۆ حکومەت و پاسەوانی سەر سنوورمان، هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی زۆر کەمتر بووەتەوە و بەم تەکنەلۆجیا نوێیەش کۆنترۆڵی سنوورەکانمان زیاتر دەبێت."
 
ئاژانسی کۆچبەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە ساڵی 2021دا نزیکەی 20 هەزار کۆچبەر لە بێلاڕووسدا بوون، پێنج هەزاریان لەسەر سنووری پۆڵەندا گیریان خواردبوو.
 
لە سەرەتای ساڵی 2022دا و لەگەڵ تووندترکردنی سنوورەکان لەلایەن پۆڵەنداوە، هەزاران کۆچبەر گەڕانەوە وڵاتەکانیان، بەڵام بە گوتەی بەرپرسانی بێلاڕووس هێشتا نزیکەی سێ هەزار کۆچبەر لەنێو وڵاتەکەیدا ماون و هەندێکجاریش هەوڵ دەدرێت سنوورەکە بەرەو پۆڵەندا ببەزێنن، کە زۆرترینیان لە ئاداری ئەمساڵدا بوو و تێیدا نزیکەی 135 کۆچبەر لەسەر سنووری پۆڵەندا گیراون.