نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتیی وڵاتانی زیانبەرکەوتووی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا دەدات

20-11-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لووتکەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا لە میسر کۆتایی بە کارەکانی هێنا و رێککەوتنێکی "مێژووییان" بۆ دروستکردنی سندووقێکی تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی وڵاتە زیانبەرکەوتووەکانی گۆڕانی کەشوهەوا واژۆکرد.
 
رۆژی یەکشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2022، وڵاتانی بەشدار لە لووتکەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا لە میسر کۆتاییان بە کارەکانیان هێنا و سندووقێکیان بە ناوی "لەدەستدان و زیان" راگەیاند. بیرۆکەکە ئەوەیە یارمەتیی ئەو وڵاتانە بدرێت کە بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زیانیان بەرکەوتووە. 
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی سندووقەکە لە گوتارێکی تۆمارکراودا گوتی: "بە سندووقی لەدەستدان و زیان، کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا هەنگاوێکی گرنگیان بەرەو دادپەروەری نا". گۆتێرێز ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم هەنگاوە "بەس نییە" و وەکو خۆی دەڵێت، کاری زۆر ماوە بکرێت بۆ ئەوەی "متمانەی لەدەستدراو" دروستبکرێتەوە. 
 
هاوپەیمانیی وڵاتانی خاوەن دوورگە بچووکەکان کە لەو وڵاتانەی جیهان پێکدێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا مەترسیی ژێرئاوکەوتنیان لەسەرە، لە راگەیێندراوێکدا رێککەوتنەکەیان بە "مێژوویی" ناوبرد کە وەکو خۆیان دەڵێن، 30 ساڵی ویستووە تاوەکو جێبەجێکراوە. 
 
بەپێی نەخشەیەک کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە دوای قۆناخی شۆڕشی پیشەسازییەوە پێشاندەدات، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو کاتەوە پلەی گەرمیی گۆی زەوی 1.04 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان مەبەستیەتی لە رێگەی پابەندکردنی وڵاتان بە کەمتر دەردانی گازە گەرمکەرەکانەوە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەخوار 1.5 پلەی سیلیزییدا بهێڵێتەوە.
 
بەوەش وەکو نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، تاوەکو ئێستا چەندین جار گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی کارەساتی سرووشتی، لەنێویدا، نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، عێراق پێنجەم زیانمەندترین وڵاتە کە بەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کەوتووە. 
 
بەگوێرەی بانکی جیهانی، لافاوەکەی ئەمساڵی پاکستان 30 ملیار دۆلار زیانی بە وڵاتەکە گەیاندووە. جگە لەوەش هاوینی ئەمساڵ، وڵاتانی ئەوروپا رووبەڕووی شەپۆڵێکی ئاگرکەوتنەوەی پاوان و دارستانەکان بوونەوە. بەگوێرەی ئاژانسی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی ئەوروپا، لە 10 مانگی ئەمساڵدا 860 هەزار هێکتار پاوان و دارستان لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا سووتاوە. 
 
گۆڕانی کەشوهەوا فاکتەرێکی سەرەکیی ئاوارەبوون و برسێتییە. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە 21.5 ملیۆن کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە ئاوارە و کۆچبەر دەبن. 
 
بانکی جیهانی لە راپۆرتێکی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا هۆشداریدەدات ئەگەر کارێک نەکرێت، لە 10 ساڵی داهاتوودا 132 ملیۆن کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە پێ دەخەنە ژێر هێڵی هەژارییەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە