لە ماوەی ساڵێکدا هێندەی رووبەری پارێزگای هەولێر دارستانی ئەمازۆن سووتاوە

20-11-2021
دڵزار زوبێر
سووتانی دارستانی ئەمازۆن لە بەرازیل. وێنە: AP
سووتانی دارستانی ئەمازۆن لە بەرازیل. وێنە: AP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی پەیمانگەی نیشتیمانیی بەرازیل دەریدەخات، تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا 13 هەزار و 235 کیلۆمەتر چوارگۆشەی دارستانەکە لەنێوچووە کە هێندەی رووبەری پارێزگای هەولێر دەکات بە هەموو قەزا و ناحیەکانییەوە، ئەمەش خراپترینە لە ماوەی 15 ساڵدا.
 
دارستانەکانی ئەمازۆن کە گەورەترین دارستانی جیهانە، 20٪ی ئۆکسجینی گۆی زەوی دابیندەکات و 60٪ـی دارستانەکانی ئەمازۆن دەکەوێتە سنووری بەرازیل.
 
ئەمە لە کاتێکدایە لەنێوان ساڵەکانی 2009 بۆ 2018 تێکڕای لەنێوچوونی دارستانەکانی ئەمازۆن شەش هەزار و 500 کیلۆمتەر چوارگۆشە بووە. 
 
مارسێلۆ ئاسترینی، سکرتێری جێبەجێکاری تۆڕی چاودێریی کەشوهەوا دەڵێت، "ئەم داتایانە زەنگلێدەر و تۆقێنەرن. ئەمەش بەهۆی زنجیرەیەک لە کردارەکانی حکومەت روویداوە کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی تاوانی ژینگەیی. تاوانکارانی ژینگەیی لە ئەمازۆن بە شێوەیەکی ئازاد و ئارام کاری خۆیان دەکەن و مەترسی دەخەنە سەر دار و دارستانەکانیش." 
 
لە کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە گلاسگۆی سکۆتلاند بەڕێوەچوو، بەرازیل رایگەیاند لە ماوەی هەشت ساڵدا کۆتایی بە لەنێوبردنی دارستانەکان دەهێنێت و تاوەکو ساڵی داهاتوو بە رێژەی 15٪ لەنێوبردنی دارستانەکان کەمدەکاتەوە.
 
هاوکات، پێش دەستبەکاربوونی، جایر بۆلسۆنارۆ، وەکو سەرۆکی بەرازیل لە ساڵی 2019 دارستانەکانی ئەمازۆن هەرگیز لەنێوچوونی 10 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی تێپەڕنەکردبوو. 
 
ئاندرێ گومارێز، بەڕێوەبەری پەیمانگەی توێژینەوەی ئەمازۆن دەڵێت، "ئەگەر ماوەی سێ ساڵی حکومەتی بۆلسۆنارۆ بەراورد بکەی لەگەڵ سێ ساڵی پێشووتر، دەبینیت لەنێوچوونی دارستانەکان بە رێژەی 50٪ زیادیکردووە. بۆیە گۆڕان لە ئاستی لەنێوچوونی دارستانەکان دروستبووە. ئەمەش ئاماژەیەکی زۆر خراپە لەو چاوەڕوانییەی لە بەرازیل دەکرێت و ئەو شەڕەی لە دژی لەنێوچوونی دارستانەکانی راگەیاندووە".
 
تەنیا لەمساڵدا زیاتر لە هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئەمازۆندا روویانداوە و لێکۆڵینڤانانیش دەڵێن زۆری نەماوە لەنێوچوونی دارستانەکان بۆ ئەمساڵیش بگاتە ئاستی ساڵی 2020 کە ئاگرکەوتنەوە بووە هۆی سووتاندنی زیاتر لە 19 ملیۆن هێکتار لە دارستانی ئەمازۆن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: لە هیچ شوێنێک باسی کشانەوەی هێزەکانمان لە عێراق نەکردووە

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، ئەوان لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، لە هیچ شوێنێک باسیان لە کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق نەکردووە و هێشتا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک.