سوپای ئازەربایجان چووە نێو شاری ئاگدام لە قەرەباخ

 
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی چووە نێو شاری ئاگدام لە هەرێمی قەرەباخ، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیادا کراوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان، دوای 27 ساڵ، سوپای ئازەربایجان لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاشتیی هەمیشەییدا کە لەگەڵ ئەرمینیا بە سەرپەرشتیی رووسیا واژۆکرا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 20ی تشرینی دووەم جارێکی دیکە گەڕایەوە نێو شاری ئاگدام. 
 
رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2020، ئیلهام عەلیێڤ گوتاری سەرکەوتنی شەڕی بەسەر ئەرمینیادا پێشکەشکرد و رایگەیاند، خشتەیەکیان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەرمینیا داناوە کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا جێبەجێ دەکرێت.
 
عەلیێڤ لە دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە ئاشکرایکرد بەپێی رێککەوتنەکە، ئازەربایجان سێ شاری هەرێمی قەرەباخ بەدەستدەهێنێتەوە، کە بریتین لە کڵجڵار تاوەکو 15 تشرینی دووەم، هەروەها ئاگدام تاوەکو 20ی هەمان مانگ و لاچین تاوەکو یەکی کانوونی یەکەمی داهاتوو.
 
رۆژی 10ی تشرینی دووەمی 2020، هەریەکە لە ئەرمینیا، ئازەربایجان و رووسیا، رێککەوتنی ئاشتییان راگەیاند و بەمەش کۆتایی بە شەڕ  لە هەرێمی قەرەباخی ناکۆکی لەسەری نێوان هەردوو وڵات هات. 
 
بەپێی رێککەوتنەکە ئەو ناوچە ئازەریانەی کە پێشتر ئەرمینیا دەستی بەسەردا گرتوون کەوتنەوە سەر سنووری ئەو وڵاتە و رووسیاش، هێزە ئاشتیپارێزەکانی خۆی لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات بڵاوەپێدەکات.
 
نیکۆل باشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، لە راگەیێندراوێکدا کە درەنگانی شەوی سێشەممە بڵاویکردەوە، خۆبەدەستەوەدانی وڵاتەکەی بۆ مەرجەکانی ئازەربایجان لەپێناو ئاشتیی نێوان هەردوو وڵاتدا بووە، ئاشکرایکرد لەگەڵ سەرۆکی هەریەکە لە ئازەربایجان و رووسیادا، رێککەوتنی کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە کردەوە سەربازییەکان لە کاژێر یەکی بەرەبەیانی سێشەممە.
 
ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا رێکەوتننامەی هەردوو وڵاتی بەسەرپەرشتی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە، ئاشکرایکرد هەموو پێکدادانێکی سەربازیی نێوان هەردوو وڵات رادەگیرێت، هێزەکان لە شوێنی ئێستای خۆیان دەمێننەوە و ئاشتیپارێزانی رووسیا دەکەونە نێوانیانەوە.
 
لەگەڵ راگەیاندنەکەی سەرۆکی رووسیادا، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە ناردنی 1960 سەربازی رووسی لەرێگەی ئاسمانەوە بۆ هەرێمی قەرەباخ راگەیاند، ئاشکرایکرد هێزەکانی رووسیا لەنێوان سوپای هەردوو وڵاتدا، 90 زرێپۆشیان پێدەبێت.