بایدن: دەبێت هەوڵبدەین ئیسرائیل لەو جەنگەدا سەرکەوتوو بێت

20-10-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکیدا تایبەت بە جەنگی ئیسرائیل و حەماس و هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، رایگەیاند ئەوان هەوڵدەدەن بەهەموو شێوەیەک هاوکاریی ئیسرائیل بکەن تاوەکو بتوانن بیانپارێزن. داواشی لە کۆنگرێس کرد بەزووترین کات ناردنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئیسرائیل پەسند بکات.
 
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 20ی تشرینی یەکەمی 2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە دوای گەڕانەوەی لە ئیسرائیل، لە کۆشکی سپی گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، حەماس هەوڵیداوە دیموکراسییەکەی ئیسرائیل لەنێوبەرێت، بەڵام باسی لەوەشکرد پێویستە بەزووترین کات هاوکاری مرۆیی بگاتە دەست دانیشتووانی کەرتی غەززە کە زیاتر لە هەفتەیەکە، ئاو و خۆراک و کارەبایان بەدەستنەگەیشتووە. 
 
بایدن گوتی: "ئێمە نابێت مرۆڤایەتیی فەلەستینییە بێتاوانەکان لەبیر بکەین کە تەنیا دەیانەوێت بە ئاشتی بژین و دەرفەتی ژیانیان هەبێت."
 
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا لەو گوتارەیدا رایگەیاند، رۆژی هەینی داوا لە کۆنگرێسی ئەمریکا دەکات هاوکاریی زیاتر بۆ ئیسرائیل دابین بکات.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، بایدن داوای نزیکەی 14 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی بۆ ئیسرائیل کردووە. بایدن گوتی: "ئەوە وەبەرهێنانێکی زیرەکانە دەبێت کە سوودی بۆ ئاسایشی ئەمریکا بۆ چەندین نەوە دەبێت". 
 
لە 7ی تشرینی یەکەمەوە لە دوای هێرشەکانی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل تائێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون و بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەش، سوپای ئیسرائیل لەو رۆژەوە بە چڕی کەرتی غەززە بۆردوومان دەکات. بەگوێرەی تەندروستیی فەلەستین، تائێستا زیاتر لە سێ هەزار و 785 فەلەستینی کوژراون و نزیکەی 12 هەزار و 500ی دیکەش بریندار بوون. 
 
ئیسرائیل دەڵێت زیاتر لە 200 هاووڵاتی ئیسرائیلی و ژمارەیەک بیانیش لەلایەن چەکدارانی بزووتنەوەی حەماسەوە بە بارمتە گیراون. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، بەهۆی هێرشەکانی سەر کەرتی غەززەوە زیاتر لە ملیۆنێک کەس لەو کەرتە ئاوارە بوون. 
 
بایدن رایگەیاند، نابێت رێگەبدرێت ئەو جەنگە فراوانتر بێت و بە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بڵاوببێتەوە. ئێرانیشی تۆمەتبار کرد، بەوەی لە جەنگی ئۆکراینا پشتگیریی لە رووسیا دەکات و لەو جەنگەشدا پشتگریی لە حەماس دەکات.
 
سەرۆکی ئەمریکا لەو گوتارەیدا، کە نزیکەی 10 خولەکی خایاند، جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماسی بە هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا چوواند و رایگەیاند: "حەماس و پووتین نوێنەرایەتی هەڕەشەی جیاواز دەکەن، بەڵام هەردووکیان دەیانەوێت دراوسێیەکی دیموکراسیانە لەنێوبەرن". گوتیشی "ئەو ناکۆکیانە نەک تەنیا هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا، بەڵکو هەڕەشەن بەسەر ئاسایشی تەواوی جیهان. ئەوە سەرکردایەتی ئەمریکایە جیهانی پێکەوە هێشتووەتەوە و هاوپەیمانەکانی ئەمریکایە کە پێکەوەی هێشتووینەتەوە".
 
هەروەها بایدن، سەرکردایەتی ئیسرائیلی ئاگادار کردەوە کە هەمان هەڵەکانی ئەمریکا لە دوای هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر دووبارە نەکەنەوە و بەهۆی هێرشەکانی چەکدارانی حەماسەوە، تووڕەیەکەیەیان، ناچاریان نەکەن "کوێرانە بڕیار بدەن". ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ پلانی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیل بۆ هێرشی زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە، کە سوپای ئیسرائیل بە هەزاران سەربازی لەسەر سنوورەکانی باشووری ئیسرائیل و باکووری ئەو کەرتە خستووەتە ئامادەباشییەوە. 
 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا