هەفتەی داهاتوو نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ئێران دەكات
رووداو- عەرەبیە
وەک ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی جنێف 2، ئەخزەر ئیبراهیمی، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی لە گەشتێکدا بۆ چەند ولاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەراست سەردانی هەر یەک لە تورکیا و قەتەر وەکو پشتیوانانی ئۆپۆزیسیۆن و ئێران وەک پشتیوانی رژێم و دیمەشق دەکات، دواتر سەردانی جنێف دەکات بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەل دیبلۆماتەکانی ئەمریکا و رووسیا.
حوسێن ئەمیر، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی مێهری راگەیاند: کە ئیبراهیمی شەممەی داهاتوو لە ئێران دەبێت بە مەبەستی راوێژکردن لە گەل بەرپرسانی ئێرانی، ئەمەش لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنگرەی نێودەوڵەتی جنێف ٢.
ئیبراهیمی سەرەتای گەشتەکەی لە ولاتی ميسر دەستپێکرد وەک ئامادەکارییەک بۆ بەستنی کۆنگرەی جنێف ٢ کە کۆمکاری عەرەبی لە ٢٣ی مانگی داهاتوو رایگەیاند، بەستنی کۆنگرەكە بە مەبەستی گەیشتنە بە چارەسەرێک بۆ کێشەی سووریا.
بڕیارە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هەفتەی داهاتوو لە ئەستەنبۆڵ کۆببێتەوە بۆ گەیشتن بە بڕیاردان لە سەر بەشداریکردن لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی لە جنێف.
هەر یەک لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، فەرەنسا و نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداری ئێران رەت دەکەنەوە لە کۆنگرەی جنێف ٢، بە هۆی ئەوەی کە ئێران پشتیوانێکی سەرسەختی رژێمی سووریایە.