وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بۆ رووداو: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرەپێدەدەین

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرەپێدەدەن.
 
رۆژی هەینی 20ی ئەیلوولی 2024 ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بە رووداوی گوت، "هەرێمی کوردستان بە بەشێک لە دەوڵەتی عێراق دەزانین و پەیوەندیی دۆستانەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە."
 
زاخارۆڤا هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "ئاڵۆگۆڕی شاندی فەرمی لەنێوانماندا هەیە؛ پەیوەندییە بازرگانییەکانمان بەرەوپێش دەچن؛ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لە بەرژەوەندی هەردوولادایە."
 
12ی حوزەیرانی ئەم ساڵ ماکسیم رووبین، کۆنسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "گەورەترین وەبەرهێنان لەلایەن کۆمپانیا رووسییەکان لە هەرێمی کوردستان کراوە کە زیاتر لە پێنج ملیار دۆلارە و هێشتا لێرە کاردەکەن، تەنانەت پاش وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتیش. کۆمپانیایەکی گەورەی هاوبەشیش هەیە، کۆمپانیای بۆرییە، ئەو بۆڕییەی نەوتی کوردی پێ هەناردە دەکرێت لەلایەن کۆمپانیایەکی هاوبەشی کوردی - رووسییەوە بەڕێوەدەبرێت، رووس نەفت و کار گرووپ."
 
8ی تشرینی یەکەمی 2019، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا سەردانی شاری هەولێری کرد و  لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئەوکات لە بارەی سەردانەکەی لاڤرۆڤ بۆ هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، "ئەو گفتوگۆیەی هەمان بووە، دەرخەری ئەوەیە کە بەرژەوەندیی باش و هەروەها روانینی باش لە نێوانماندا هەیە."
 
لە ساڵانی رابردوویشدا چەند جارێک نێچیرڤان بارزانی و ڤلادیمیر پووتین کۆبوونەتەوە.
 
8-5-2018 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە و پێکەوە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و مۆسکۆ قسەیان کرد. 
 
بەپێی راگەیێندراوی ئەو کاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هه‌ردوولا داكۆكییان له‌ په‌یوەندییه‌ مێژووییه‌كانى هه‌ردوو گه‌لى رووسیا و كوردستان له‌ قۆناخه‌ جیاجیاكاندا کرد و باسیشیان له‌ په‌ره‌پێدانى زیاترى په‌یوه‌ندییەکان ‌له‌ ئێستا و داهاتوودا كرد.