ترەمپ بۆ جووەکان: کامالا هەڵبژاردن بباتەوە، ئیسرائیل لە دوو ساڵی داهاتوودا نامێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا براوە نەبێت، ئیسرائیل لە دوو ساڵی داهاتوودا نامێنێت.
 
رۆژی 19ی ئەیلوولی 2024 دۆناڵد ترەمپ لەکاتی بەشداریکردن لە لووتکەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئیسرائیلی - ئەمریکی لە واشنتن باسی لە رۆڵی جووەکانی ئەمریکا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کرد.
 
ترەمپ نیگەرانیی خۆی لەو راپرسییانە دەربڕی کە لەنێو جووەکانی ئەمریکا لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکرێن و گوتی، بەشێک لە جووەکان ویستیان هەیە دەنگ بە کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بدەن.
 
لەبارەی ئەگەری دەرنەچوونی لە هەڵبژاردنەکەدا، ترەمپ گوتی، "ئەگەر هەڵبژاردنەکە نەبەمەوە، ئەوا بەشێکی پەیوەندیی بە جووەکانەوە هەیە، لەبەر ئەوەی ئەگەر 60%ی جووەکان دەنگ بە رکابەرەکەم بدەن، ئیسرائیل لە دوو ساڵی داهاتوودا نامێنێت."
 
بەگوێرەی دوایین راپرسی، کە ناوەندی توێژینەوەی pew لە 2ی ئەم مانگە لەنێو جووەکانی ئەمریکادا کردوویەتی، 65%ی جووەکانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، دەنگ بە کامالا هاریس دەدەن و 34%یشیان گوتوویانە، دەنگ بە ترەمپ دەدەن.
 
هەر بەگوێرەی هەمان ناوەند، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020دا کە تێیدا ترەمپ بەرامبەر بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا دۆڕاندی، 30%ی جووەکان دەنگیان بە ترەمپ دا.
 
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە 5ی نۆڤەمبەری ئەم ساڵ بەڕێوەدەچێت و بەگوێرەی ژمارەیەک راپرسییش کامالا لەپێش دۆناڵد ترەمپە. 
 
دوایین راپرسی کە ئەنجام دراوە، دەریدەخات ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، کامالا 49%ی دەنگ و ترەمپیش 49%ی دەنگەکان دەبەنەوە.