وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا بۆ رووداو: پرسی کۆچبەران لە وڵاتەکەمان کێشەیەکی ئەوروپی و نێودەوڵەتیشە

20-09-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
ئەنتۆنیۆ تەیانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە نیویۆرکەوە قسە بۆ رووداو دەکات
ئەنتۆنیۆ تەیانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە نیویۆرکەوە قسە بۆ رووداو دەکات
نیشانەکردن ئیتاڵیا کۆچبەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا رایگەیاند، قەیرانی کۆچبەران، کە ئێستا لە وڵاتەکەیاندا هەیە تەنیا پرسێکی نێوخۆی ئیتاڵیا نییە، بەڵکو کێشەیەکی ئەوروپی و نێودەوڵەتیشە.
 
رۆژی چوارشەممە 20ی ئەیلوولی 2023، ئەنتۆنیۆ تەیانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دیار کوردە، نێردراوی رووداو لە نیویۆرک، رایگەیاند ئیتاڵیا پێویستی بە هەموو دەستەیەکی نێودەوڵەتی هەیە تاوەکو بتوانن کۆنترۆڵی قەیرانی کۆچبەران بکەن. 
 
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا گوتی "کێشەکە ئەوەیە، دەبێت هەنگاوی بە‌هێز بنێی لەدژی ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن. بازرگانانی مرۆڤایەتی، هەروەکو بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و چەک وان، ئێمە لەگەڵ کۆچبەری یاساییداین. ئێمە پێویستمان بە خەڵکە لە کەرتی کشتوکاڵ، پیشەسازی، بەڵام ئەوە بۆ ئێمە زەحمەتە کە هەموو رۆژێک بە هەزاران کەس دێن، لەبەرئەوەی ئەوان دەیانەوێت بچنە ئەڵمانیا و فەرەنسا، نایانەوێت لە ئیتاڵیا بمێننەوە. ئەمەش گرنگە و کرداری ئەوروپیی پێویستە. پێموایە پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵی هەبێت تاوەکو ئەنجامێکی ئەرێنی هەبێت." 
 
بەگوێرەی ئاماری دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا؛ لەماوەی هەفتەی رابردوودا، زیاتر لە 10 هەزار کۆچبەر لەڕێگەی دەریاوە روویان لە دوورگەی لامپێدووسای باشووری ئیتاڵیا کردووە، ئەمەش گوشارێکی گەورەی لەسەر ئیتاڵیا دروستکردووە. 
 
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ تۆڕی میدیای رووداو، دەڵێت ئەوان پێویستیان بە هاوکاریی هەموو لایەکە تاوەکو ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.
 
ئەنتۆنیۆ تەیانی گوتیشی "ئێمە پێویستمان بە رۆڵی هەموو دەستەیەکی نێودەوڵەتی هەیە، لەبەرئەوەی کێشەکە ئەفریقایە، دۆخی سەقامگیریی وڵاتانی بیابانی ئەفریقایە، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، تەماشای سووریا و ئەفغانستان بکە، خەڵک ئەو وڵاتانە بەجێدەهێڵن، لەبەرئەوەی باردۆخەکە زۆر ئاڵۆزە، ئەمەش تەنیا کێشەی ئیتاڵیا نییە، ئەمە کێشەیەکی ئەوروپی و نێودەوڵەتییە."
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە 126 هەزار کۆچبەر لە رێگەی دەریاوە روویان لە ئیتاڵیا کردووە و زۆربەی ئەو کۆچبەرانەش خەڵکی وڵاتانی باکوور و ناوەڕاستی ئەفریقان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.