رووداو دیجیتاڵ
لە شاری سوچیانی رۆژهەڵاتی چین، بەهۆی گەردەلوولێکەوە 10 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون. هاوکات، گەردەلوولەکە زیانی بە نزیکەی پێنج هەزار و 500 کەس گەیاندووە.
رۆژی چوارشەممە 20ی ئەیلوولی 2023، میدیای فەرمیی حکومەتی چین بڵاویکردەوە، "دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 19-09-2023، گەردەلوولێکی بەهێز لە شاری سوچیانی هەرێمی جیانگسوو بووە هۆی زیانی گیانی و مادی لە چەند ناوچەیەک" و بەهۆیەوە 10 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی حکومەتی چین، گەردەلوولەکە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە نزیکەی پێنج هەزار و 500 کەس و 137 خانووش رووخاون. هاوکات، بە شێوەیەکی کاتی زیاتر لە 400 کەس بۆ شوێنێکی سەلامەت گوێزراونەتەوە.
ئەو گەردەلوولە دوای ئەوە دێت کە ئەم هاوینە وڵاتەکە رووبەڕووی ژمارەیەک شەپۆلی گەرمای مێژوویی بووەوە. زانایانی کەشناسیش گۆڕانی کەشوهەوا بە هۆکاری زیادبوونی ئەو جۆرە کەشوهەوا تووندانە دادەنێن.
هەرچەندە گەردەلوول بە دەگمەن لە چین روودەدات، بەڵام ساڵی رابردوو لە هەرێمی جیانگسوو کەسێک بەهۆی گەردەلوولەوە گیانی لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ