ئازەربایجان کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکەی لە ناگۆرنۆ قەرەباخ هێنا


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان رایدەگەیێنێت، "گرووپە چەکدارە ئەرمەنییە جوداخوازەکان لە ناگۆرنۆ قەرەباخ، بە چەک دانان رازیبوون و سوپای وڵات کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی دژەتیرۆر لە ناوچەکە هێنا."
 
رۆژی 19ـی ئەیلوولی2023، سوپای ئازەربایجان هەڵمەتێکی سەربازی چڕی بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆر" بۆ سەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ راگەیاند کە بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە ئامانج لێی، "داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارە جوداخوازە ئەرمەنییەکانی" هەرێمەکە بووە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-9-2023، دوای یەک رۆژ لە هێرشی سوپای ئازەربایجان و کۆنترۆڵکردنی "زیاتر لە 90٪"ـی پێگە سەربازییەکانی ئەرمینیا لە ناگۆرنۆ قەرەباخ بە گوتەی ئازەربایجان، وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە کۆتاییهاتنی شەڕ و رازیبوونی گرووپەکانی بە مەرجەکانی باکۆ راگەیاند.
 
هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ دەکەوێتە نێو سنووری ئازەربایجان و بە سوپای ئەو وڵاتە دەوردراوە و تەنیا رێگەیەکی بەرتەسکی شاخاوی هەیە بەناوی "رێڕەوی لاچین" کە هەرێمە  زۆرینە ئەرمەنییەکە بە وڵاتی ئەرمینیا دەبەستێتەوە.
 
ئازەربایجان بانگەشەی خاوەندارێتی دەکات و ئەرمینیاش کە هەرێمەکە بە "ئارتساخ" ناودەبات بە بەشێكی دانەبڕاوی خۆی دادەنێت.
 
لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە چەندین شەڕوپێکدادان لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر ئەو هەرێمە روویانداوە و هەزاران کوژراو و دەیان هەزار بریندار و ئاوارەی لە هەردوولا لێکەوتووەتەوە. دوایینیان لە ئەیلوولی 2020 بوو کە شەش هەفتەی خایاند و بە رێککەوتنێكی ئاگربەست بە نێوەندگیری رووسیا کۆتاییهات و هێزی ئاشتیخوازی رووسی بە ناوچەکەدا بڵاوکرانەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆی بەرگریی ئازەربایجاندا هاتووە، "بە لەبەرچاوگرتنی داوایەکی نوێنەرانی ئەرمەنییەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخ کە لە رێگەی هێزی ئاشتیخوازی رووسیا بە دەستمان گەیشت، بڕیارمان دا بە هەڵپەساردنی ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆر، بڕیارەکەش لە کاژێر 01:00ـی دوانیوەڕۆی رۆژی 20ی ئەیلوول دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
 
سەرۆکایەتیی ئازەربایجان لە راگەیێندراوێکیدا دەستپێکردنی گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ گرووپە جوداخوازەکان پشتڕاستکردەوە و ئاشکراشیکرد، "رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئەم مانگە لە شاری یەفلاخی هەرێمەکە دانوستاندن دەکرێت و ئامانج لێی لە دوای داماڵینی چەکی ئەو گرووپانە، لکاندنی هەرێمەکەیە بە خاکی ئازەربایجانەوە."
 
هاوکات دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمەکە رایگەیاند، "گفتوگۆ لەبارەی ئەو بابەتانە دەکەین کە ئازەربایجان خستوونیەڕوو، لەنێویاندا لکاندنی (ئارتساخ) بەو وڵاتە لەگەڵ گەرەنتیکردنی ماف و ئاسایشی ئەرمەنییەکانی ناوچەکە."
 
لە بەرامبەریشدا نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا رایگەیاند، "وڵاتەکەی بەشداری لە داڕشتنی رێكکەوتنی ئاگربەستەکەی نێوان جوداخوازەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخ نەکردووە."