سەرۆککۆماری ئێران: کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکا رێگە دروستەکە هەڵبژێرێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران لە گوتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووکان، رەخنەی لە سیاسەتی سەپاندنی سزا بۆ سەر وڵاتەکەی گرت و رایگەیاند، "کاریگەرییان نابێت." گوتیشی، کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکا رێگە دروستەکە هەڵبژێرێت.

رۆژی سێشەممە، 19ی ئەیلوولی 2023، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە گوتارەکەیدا لە 78مین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی کۆمەڵێک بابەتی وەکو بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی و رێککەوتنی ئەتۆمی، سزاکانی سەر ئێران و شەڕی ئۆکراینا و رووسیای کرد.

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، لە باسی بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کرد، "چەکی ئەتۆمی هیچ پێگەیەکی نییە لە سیاسەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامی ئێران." گوتیشی، راپۆرتە فەرمییەکانی لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت دامەزراوە هەواڵگرییە رۆژئاواییەکان، چەندین جار جەختیان لە راستی ئەو بابەتە کردووەتەوە.

بە گوتەی ئیبراهیم رەئیسی، "کۆماری ئیسلامی ئێران هەر وەکو دوو دەیەی رابردوو، بە هیچ شێوەیەک دەست لە مافی رەوای گەلەکەی بۆ سوود وەرگرتنی ئاشتییانە لە وزەی ئەتۆمی هەڵناگرێت."

سەرۆککۆماری ئێران سەبارەت بە سزاکانی سەر وڵاتەکەی گوتی، ئەو سزایانە کاریگەرییان لەسەر ئیرادەی بەهێزی وڵاتەکەیان و رێڕەوی پێشکەوتنیاندا نەبووە و "کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکا کۆتایی بە قەیرانی بڕیاردانی بهێنێت و رێگە دروستەکە هەڵبژێرێت."

لە ساڵی 2015 دا ئێران و وڵاتە زلهێزەکانی جیهان رێککەوتنێکیان لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانەوە واژۆ کرد. وڵاتە بەشدارەکان بریتی بوون لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەگەڵ ئەڵمانیا کە بە وڵاتانی 5+1 ناسراون. یەكێتیی ئەوروپاش بەشداریی لە رێککەوتنەکەدا کرد. رێککەوتنەکە لە مانگی کانوونی دووەمی 2016 چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
رێککەوتنەکە بواری بە لابردنی سزاکان لەسەر ئێران دا لە بەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ گەرەنتیکردنی ئەوەی تاران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی پەرەپێبدات 
 
کشانەوەی تاکلایەنەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە لە ساڵی 2018 و دووبارە سەپاندنەوەی سزا ئابوورییە سەختەکان وایکرد ئێران قۆناخ بە قۆناخ دەستبەرداری رێککەوتنەکە ببێت.

سەبارەت بە دەرچوونی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی، ئیبراهیم رەئیسی رایگەیاند، "ئەمریکا رێککەوتنی ئەتۆمی پێشێلکردووە و پابەندییەکانی جێبەجێ نەکردووە". گوتیشی "ئەمریکا دەبێت بە دروستکردنی بڕوا بیسەلمێنێ کە نیەتێکی باشی هەیە و ویستێکی راستەقینەی هەیە بۆ جێبەجێ کردنی پابەندییەکانی و بە ئەنجام گەیاندنی رێککەوتنەکە."

هۆشداریش دەداتە وڵاتە ئەورووپییەکان و دەڵێت، "چەندین ساڵە پابەند نین بە پابەندییەکانیان، نموونەش نەهێشتنی سزاکان و ئێستا پێشێلی رێککەوتنی ئەتۆمی و بریارنامەی 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، دەبێ تێبگەن کە بە خێراکردنی سیاسەتی رووبەڕووبوونەوە، دەدۆڕێن."

ئیبراهیم رەئیسی باسی شەڕی رووسیا و ئۆکراینیشی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هەڵوێستی ئێران نەگۆڕاوە و تاران رەتیدەکاتەوە ناکۆکییەکان بە جەنگ چارەسەر بکرێن. هەروەها رەئیسی گوتی، "ئێمە پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و دەستپێکردنی پرۆسەی سیاسی دەکەین و ئامادەبوونی خۆمان بۆ رۆڵگیرانێکی بنیادنەر لەو بوارەدا رادەگەیێنین."

سەرۆککۆماری ئێران لە گوتارەکەیدا باسی سیاسەتی ئێران بۆ فراوانکردن و پەرەپێدانی هاوکاری لە نێوان وڵاتانی ناوچە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە تاران دەستێوەردانی دەرەکیی و بوونی هێزی بیانی لە ناوچەکە رەتدەکاتەوە.

ئیبراهیم رەئیسی گوتی "لە قەوقازەوە تا کەنداوی فارس، بوونی هەر جۆرە هێزێکی بیانی بەشێک نییە لە چارەسەر بەڵکو خودی کێشەکەیە. ئێمە ئاسایشی هاوسێکانمان، بە ئاسایشی خۆمان و هەر جۆرە نا ئارامییەک بۆ ئەوان وەکو ئارامی خۆمان دەبینین."   

 

لە سەرەتای ساڵی 2021دا ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کردەوە. بەگوێرەی رێککەوتنی ئەتۆمی، ئێران توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی تاوەکو رێژەی 3.67% هەیە، بەڵام لەدوای ساڵی 2021 رێژەکەی گەیاندە 20% و دوای ئەوەش ئەو رێژەیە بۆ 60% بەرزکرایەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە بۆ دەستکەوتنی بۆمبی ئەتۆمی، ئێران پێویستی بەوەیە کە رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 90% بەرز بکاتەوە.
 
رۆژی 2ی ئابی 2022 رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداریی دا لەوەی ئێران بە شێوەیەکی "زۆر زۆر خێرا" لە پرسی ئەتۆمدا بەرەوپێشەوە دەڕوات و "لە بڕ و خواستدا" گەشە دەکات. ئەوەش وڵاتە زلهێزەکانی نیگەران کردووە.