ئەڵمانیا دوای 70 ساڵ لەڕووی پیشەسازییەوە پاشەکشە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

کارگەکان زیاتر لە 70 ساڵە بە داینەمۆی ئابووری و نموونەی پیشەسازیی پێشکەوتووی ئەڵمانیا دادەنران، ئێستا خەریکە پێگەی خۆیان لەدەستدەدەن. خاوەنی کارگەیەک دەڵێت، "لە بارودۆخێکی زۆر خراپداین."
 
کریستیان کوڵمەن، خاوەن دووەم گەورەترین کارگەی بەرهەمە کیمیاییەکانی ئەڵمانیایە و دەڵێت، "بەگشتی ئێمە لە بارودۆخێكی زۆر خراپداین و فاکتەرە دەرەکییەکان زیانیان پێگەیاندووین، ئەوەش بەرەو مەترسیی دوورکەوتنەوە لە جیهانی پیشەسازیی پێشکەوتوومان دەبات، پێم ناخۆشە بڵێم ئاماژەی زەق هەن کە ئەڵمانیا بەرەو ئەو قۆناخە مەترسیدارە دەڕوات."
 
دیارترینی فاکتەرە دەرەکییەکان، شەڕی ئۆکراینایە کە ئەڵمانیا و زۆربەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپای لە گازی رووسیا بێبەش کردووە؛ لەکاتێكدا ئەو وڵاتە 40%ی دابین دەکرد.
 
لە ساڵی 2009 تاوەکو 2019 ئەڵمانیا بۆ ماوەی 10 ساڵ لە گەشەیەکی ئابووریی بەردەوامدا بووە، لە ساڵی 2022دا ئابووریی ئەو وڵاتە نزیکەی 1.8% گەشەی کرد، بەڵام لە ساڵی 2023 بۆ کەمتر لە 0.4% دابەزیوە.
 
نرخی گاز بەراورد بە پێش شەڕی ئۆکراینا دوو هێندە بەرزبووەتەوە و حکومەتی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی پەرەدان بە وزەی پاک سەرجەم وێستگە ئەتۆمییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای داخست.
 
کریستیان کولمەن لەسەر داخستنی وێستگە ئەتۆمییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەڵێت، "ئەمە بڕیارێكی سیاسیی هەڵە بوو کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە. دوورکەوتنەوە لە وزەی ئەتۆم هیچ پەیوەندییەکی بە گۆڕانی کەشوهەواوە نییە."
 
لەلایەکی دیکەوە، ئەڵمانیا لە دەیان ساڵی سەردەمی زێڕینیدا وەکو پێویست تەکنەلۆژیای نوێی لە پیشەسازیدا بەکارنەهێناوە. ئەوەش تاڕادەیەک بۆ ریزی دواوەی وڵاتە پیشەسازییەکانی گەڕاندووەتەوە.
 
بەو جۆرە دەستی کار و کرێکاری پڕ ئەزموون و سەردەمیانەی کەمە، هەر ئەوەیە کە ئێستا لە ئەڵمانیا لە هەموو کاتێك زیاتر هەلی کاری پێشکەوتوو هەیە کە سەرووی دوو ملیۆن دەرفەتن و بە ئەستەم پڕ دەکرێنەوە.
 
پاشەکشەی پیشەسازیی ئەڵمانیا، وەبەرهێنەرانی نێوخۆی و دەرەکی لێ دوورخستووەتەوە و بەشێک لە سەرمایەدارەکانی بەرەو وڵاتێکی دیکەی وەکو ئەمریکا دەڕۆن کە ئیدارەی بایدن بە گەرمی پێشوازییان لێ دەکات.