کۆمیسیاری UNHCR بۆ رووداو: قەیرانی ئاوارەکان پێویستی بە چارەسەری سیاسییە

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیاری باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، رایگەیاند پرسی ئاوارە و پەنابەران لە زۆر ناوچەی جیهاندا بووەتە قەیرانێکی گەورە و ئەو قەیرانەش تەنیا بە چارەسەری مرۆیی چارەسەر نابێت، بەڵکو پێویستی بە چارەسەری سیاسییە.
 
رۆژی چوارشەممە 20ی ئەیلوولی 2023، فلیپۆ گراندی، کۆمیسیاری باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ دیار کوردە، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ نیویۆرک، لە پەراوێزی 78ـەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە پرسی ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند ئەوان وەکو UNHCR لە نیویۆرکن تاوەکو ئەوە وەبیر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بهێننەوە، 'پرسی ئاوارەکان، پێویستی بە چارەسەرێکی خێرایە.'
 
فلیپۆ گراندی گوتی "راستییەکەی ئەوە ئاڵنگارییە گەورەکەیە. ئێمە لێرەین و من خۆم لێرەم لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی لەسەر ئاستی باڵا و دەمانەوێت ئاماژە بەوە بکەین؛ ئەم پرسە لە زۆر شوێندا بووەتە قەیرانێکی گەورە و پێویستمان بە سەرچاوەی زیاترە، سەرچاوەی مرۆیی، بۆ هاوکارییکردنی ئاوارەکان."
 
کۆمیسیاری باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوە دا ئەوان بۆیە لە نیویۆرکن بۆ ئەوەی ئەوە وەبیر هەمووان بهێننەوە، کە "قەیرانی ئاوارە و پەنابەران تەنیا لە رێگەی کرداری مرۆییەوە چارەسەر نابێت، بەڵکو پێویستی بە چارەسەری سیاسی بۆ ناکۆکییەکان هەیە، کە بوونەتە هۆی دروستبوونی ئاوارەیی." 
 
بەپێی ئامارێکی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان، کە لە 20ـی حوزەیرانی 2023، بڵاوکراوەتەوە، 928 هەزار و 649 ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن. کە 664 هەزار و 224ـیان ئاوارەن و 264 هەزار و 425ـشیان پەنابەرن.