ئەمریکا: نیگەرانین لە پێشنیازی یاسای باری کەسێتیی عێراق


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی لە پێشنیازی یاسای باری کەسێتی دەردەبڕێت و داوای دیالۆگێکی مەدەنیانە و پاراستنی مافی ژنان و منداڵان دەکات. باڵیۆزی وڵاتەکەش لە بەغدا پشتگیریی دەکات. 
 
رۆژی سێشەممە، 20-08-2024، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تویتەر نووسی: "هەست بە نیگەرانی دەکەین لە بەرامبەر پێشنیازی یاسای باری کەسێتیی عێراق کە زیان بە مافەکانی ژنان و منداڵان دەگەیێنێت."
 
پاتێل هەروەها هانی عێراقییەکانی داوە "بۆ دیالۆگێکی مەدەنی و، بە تەواوی رێز بگرن لە ئازادی ئایین، یان بیروباوەڕ و مافەکانی ژنان و منداڵان."
 
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق هەمان پۆستی لەلای خۆی بڵاوکردووەتەوە وەکو پشتگیریکردنی پاتێل و قسەکانی بۆ عەرەبی وەرگێڕاوە. 
 
پێشنیازی هەمواری یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی عێراقە و لەلایەن رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێشکێش کراوە.
 
رۆژی 24ـی تەممووزی 2024، بەهۆی ناکۆکی لەسەر پڕۆژەکە، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ نەکرد و تاوتوێکردنی دواخست، بەڵام لە کۆبوونەوەی رۆژی 4ـی ئەم مانگەی پەرلەمان، هەموارەکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا.
 

بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەسەر پڕۆژەیاساکە، گوێ لە سپەیسی رووداو بگرە لە ئێکس:

 

بەپێی پێشنیازەکە، مادەی دووەمی یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بڕگەی سێی بۆ زیاد دەکرێت کە ئەمانەی تێدایە: 
 
- دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
 
- هەر کەسێک پێشتر ئەو خاڵەی سەرەوەی جێبەجێ نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکێش بکات.
 
- ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوژینەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
 
- دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسی دروستبکەن.
 
- تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسێتی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.
 
- ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەوی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجوومەنی زانستی و فەتوا وەردەگیرێت.
 
خاڵی دووەمی هەموارەکە ئەوەیە بڕگەی پێنج لە مادەی 10 لادەبرێت و ئەم دەقە شوێنی دەگرێتەوە، "دادگەی باری کەسێتی گرێبەستەکانی هاوژینی پەسند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی رێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسند دەکرێن."
 
لە نیوەی پارێزگاکانی عێراق رۆژی 8-8-2024 خۆپێشاندان دژی هەوڵەکە کرا؛ خۆپێشاندەران داوایان کرد هەموارەکە لە پەرلەمان بکشێندرێتەوە و رەتبکرێتەوە.
 
بۆ رێگەگرتن لەو هەوڵە، هاوپەیمانیی 188 لە ژمارەیەک رێکخراو، هێزی مەدەنی، چالاکڤانی رێکخراوە مەدەنییەکان پێکهاتووە.