رکابەرێکی پێشووی بایدن بۆ رووداو: گرنگە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا گوێ بۆ کورد بگرێت
رووداو دیجیتاڵ
رکابەرێکی پێشووی جۆ بایدن بۆ بوونە بەربژێری پارتی دیموکرات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ساڵی 2024 دەڵێت، نزیکەی 90٪ی سەرنجی ئەمریکا تایبەت بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکانە، بەڵام رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا لە وڵاتێک یان دوو وڵات پێکنەهاتووە و دەبێت سەرنجەکە گەورەتر و زیاتر بکرێت.
رۆژی سێشەممە، 20ی ئابی 2024، دین فلیپس، ئەندامی کۆنگرێس و رکابەری پێشووی جۆ بایدن بۆ بوونە بەربژێری پارتی دیموکرات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2024ی ئەمریکا بە دیار کوردە، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی بۆ رووماڵکردنی کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکان لە شاری شیکاگۆی ویلایەتی ئیلینیۆی ئەمریکا راگەیاند، لە ئەمریکادا زۆر گرنگی بەو پرسانە نادەن لە عێراق، سووریا و زۆر شوێنی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەن، بەڵام دەکرێت ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا، ئەگەر دیموکراتەکان براوە بوون، کار لەسەر پرسەکانی دیکەش بکات.
دین فلیپس ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە و بۆ بوون بە بەربژێری پارتی دیموکراتیش بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەم ساڵی ئەمریکا خۆی بەربژێر کرد، بەڵام بایدن بە بەدەستهێنانی دەنگی زۆرترین نوێنەرانی ویلایەتەکان بووە بەربژێر و دواتریش لە رکابەرایەتییەکە کشایەوە و پاڵپشتی خۆی بۆ کامالا هاریسی جێگری دەربڕی.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دین فلیپس
رووداو: زۆر سوپاس کۆنگرێسمان کە لەگەڵماندایت. بەڕێزت بەربژێری دیموکراتەکان بوویت و یەکەم کەسیش بوویت رەخنەت لە سەرۆک بایدن گرت. بە بۆچوونی ئێوە، چ شتێک گۆڕاوە کە سەرۆک بایدن کشایەوە و کامالا هاریس جێگەی گرتەوە؟
دین فلیپس: دەمەوێت پێت بڵێم و پێم وایە دەکرێ کوردیش لەم هاوکێشەیەدا خۆی ببینێتەوە، رکابەرێکی لاواز و پێچەوانەی هەموو چاوەڕوانییەکان، دەکرێ هەموو شت بۆی رووبدات. بۆیە چەندین مانگە ئەو بۆچوونەم هەیە کە لە رێگەی ویستی راست و وزەی دروست و پابەندبوون بە پرەنسیبەکانەوە دەکرێ هەموو شت رووبدات. بۆیە زۆر خۆشحاڵم بەوەی لەم هۆڵەم و ئەو هەموو خۆشی و پڕ وزەییە و گەشبینییە دەبینم، چونکە مانگێک لەمەوبەر چاوەڕێ دەکرا ئەم رێوڕەسمە وەک پرسە بێت، بەڵام ئێستا وەک لەدایکبوونی پارتێكی نوێ دەردەکەوێت و هەربۆیە خۆشحاڵم. ئەمەش وەبیرهێنانەوەیەکی گرنگە بۆ هەمووان کە کاتێک نادادپەروەرییەک دەبینی، هەروەها کاتێک دەرفەتێک دێتەپێش بۆ ئەوەی راستییەکان بە دەسەڵاتدار بڵێیت، کاتێک شتە نەدرکاوەن بەدەنگێکی بەرز دەڵێی، رەنگە ئاسان نەبێت و تەنانەت قورسیش بێت، رەنگە لەسەر ئەو قسانە کارەکەت لەدەست بدەیت، بەڵام بۆ مرۆڤ هیچ شتێک گرنگتر نییە لەوەی کارێکی دروست بکات و ئەوەش ئەو نموونەیە کە جیهان پێویستی پێیەتی.
رووداو: بەو گۆڕانکاریانە پێتان وایە دیموکراتەکان دەتوانن جارێکی دیکە هەڵبژاردنەکە لە تشرینی دووەم ببەنەوە؟
دین فلیپس: نەک تەنیا پێم وایە دیموکراتەکان دەتوانن بیبەنەوە، بەڵکو بڕوام وایە دەیبەینەوە. مانگێک لەمەوبەر، پێم وابوو بردنەوە زۆر زەحمەتە و ئامارەکان روون و ئاشکرا بوون. پێم وابوو جۆ بایدن پێشبڕکێی گەیشتن بە کۆشکی سپی دەدۆڕێنێت، هاوکات ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانیش لەدەست دەدەین، کە ئەوەش کارەسات دەبوو. بەڵام ئێستا تەنیا سێ هەفتە دوای ئەو بۆچوونە، گۆڕانکاری لە راپرسییەکاندا و وزەی کەسەکان دەبینیت؛ راستییەکەی ئەمە شێوازی کارکردنی پرۆسەی دیموکراسییە. کاتێکیش لە نزیکەوە بۆ خۆت هەست بەو گۆڕانکاریانە بکەیت و راستەوخۆ بیانبینیت، لەگەڵ ئەوەش رۆڵێکی بچووکت تێیدا هەبێت، ئەوە شانازییەکی گەورەیە. پێم وایە ئێستا لە پێگەیەکی باشداین. راستە هێشتا ئەرکێکی زەحمەت لەپێشمانە و بەهیچ شێوەیەک ئاسان نییە، بەڵام ئێستا لە پێگەیەکداین کە دەتوانین براوە بین، بەڵام لەوەوپێش پێم وانەبوو ئەو رۆژە ببینم.
رووداو: هەندێک پرسیارت لەبارەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لێدەکەم. چی لەبارەی کورد دەڵێیت کە هاوبەشی ئەمریکابوون لە شەڕی داعش و ئێستاش ناکۆکیان لەگەڵ بەغدا زۆرە. ئیدارەی ئێستاش دەتوانێت رۆڵێکی گرنگی هەبێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان. ئێوە لەسەر ئەمە چی دەڵێن؟
دین فلیپس: پێم وایە، هەروەکو تۆ لە زۆر کەسی دیکە باشتر تێدەگەیت، ئێمە لە ئەمریکا لەسەدا 90ی سەرنجمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکانە. زۆر گرنگی نادەین بەو پرسانەی ئێستا تۆ وەبیرت هێنامەوە؛ لە عێراق، لە سووریا و لە زۆر شوێنی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە تێیاندا خەڵک هەمان ئەو داخوازیان هەیە ئێمە هەمانە، ئەویش مافی چارەی خۆنووسین، ئازادی، خۆشگوزەرانی، ئاسایش. ئەوانە ئەو شتانەن کە مرۆڤ پێویستی پێیانە و پێم وایە کاتی ئەوە هاتووە و دەرفەتیشە بۆ کامالا هاریس و تیم وۆڵز بۆ ئەوەی لەوانەیە گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بکەن و فراوانتریشی بکەن و رێگەنەدەن تەنیا ئەو بابەتەی هەیە هەموو سەرنجەکان ببات، چونکە هەموو مرۆڤێک گرنگە و هەروەکو تۆش باش دەزانیت، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا یەک، دوو وڵات نییە، بەڵکو ناوچەیەکی فراوانە. بێگومان و بەداخەوەش ئێمە تۆمارێکی باشمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نییە. بەڵام ئێستا دەرفەتێک هاتووەتە پێش بۆ گۆڕانکاری و هەبوونی بیرکردنەوەی نوێ، هەروەها بۆئەوەی رێگە بە نەوەیەکی نوێ بدرێت نەوەک تەنیا لەم وڵاتە، بەڵکو لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دیدگە و پرەنسیبی جیاوازەوە بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و دواتر دەکرێت شتێک بەدەست بهێنین کە رەنگە تەنیا مانگێک لەمەوبەر پێمان وابووبێت ئەستەمە، ئەویش گەڕاندنەوەی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و سەربەخۆییە بۆ ئەوانەی خوازیارن. ئێمە وەک ئەمریکا هیچ کات سەرکەوتوو نەبووین لەوەی دیموکراسی بەسەر خەڵکدا بسەپێنین، بەڵکو لەوەدا باش بووین پشتگیریی ئەوانە بکەین کە خوازیارن. ئەمەش گرنگترین پەیاممە ئێستا دەتوانم ئاراستەی هەموو مرۆڤێکی بکەم.
رووداو: دەتەوێت پێم بڵێیت، دەتەوێ ئیدارەی داهاتوو پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان بکات لە عێراق؟
دین فلیپس: من ئەوەندە ناڕۆم کە دیدگەی خۆم بەسەر سیاسەتی دەرەوەی هاریس – وۆڵزدا بسەپێنم، بەڵام ئەوە دەڵێم کە گرنگە ئەمریکییەکان و بەتایبەت سەرکردە نوێیەکەمان گوێ و دڵ و مێشكیان بکەنەوە، نەوەک بۆ پڕوپاگەندە یان لۆبیکارە کاریگەر یان سەرکردە بەهێزەکانی جیهان، بەڵکو گوێ لەوانی دیکە بگرن، بۆ نموونە ئەوانەی لە شەقامەکانی شیکاگۆ خۆپێشاندان دەکەن یان کورد لە کوردستان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا، پێم وایە دەبێت ئێمە گوێ بگرین و کۆبینەوە و وەک ئەندامێکی دەستەی کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش لە لیژنەی کاروباری دەرەوە، ئەوە ئامانجی من بووە کە تێبگەین و گوێ لە خەڵک بگرین و هەروەک دەشزانیت، ئێمە لەگەڵ کورد هاوبەش بووین و دەزانم کە هەندێ ئاڵنگاریمان لەبەردەمە، بەڵام پێم وایە ئەو ئاڵنگارییانە تەنیا بە گفتوگۆی راستەوخۆ چارەسەر دەکرێن و هیوادارم کە جێگری سەرۆک هاریس و هیواداریشم بەم زووانە ببێتە سەرۆک هاریس، لەزووترین کاتدا ئەو کارە بکات لەوەی درەنگتر.