لە یەکەم رۆژی کۆنگرەی دیموکراتەکان بایدن بە فرمێسکەوە گوتاری پێشکێشکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

 

لە یەکەم رۆژی کۆنگرەی دیموکراتەکان لە ویلایەتی شیکاگۆ، پەیتا پەیتا ئەندامەکانی کۆنگرە چوونە نێو هۆڵەکە، بەر لە دەستپێک تیمی رووداو چاویان بە دین فلیپس، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا کەوت. 
 
دین فلیپس تاکە رکابەری پێشووی جۆ بایدن بوو لە هەڵبژاردنی سەرەتایی پارتی دیموکراتەکان، بۆیە بە ئاشکرا رەخنەی لە بایدن گرت و گوتی: "بۆ بەربژێربوون شیاو نییە."
 
رووداو لەو ئەندامەی کۆنگرێسی پرسی: "ئێستا هەستت چۆنە کە بایدن کشاوەتەوە و کامالا هاریس جێگەی گرتووەتەوە؟"
 
دین فڵیپس رایگەیاند: ''هەیەجانم هەیە و زۆر خۆشحاڵم ئێستا لەم هۆڵەم بەم وزەیە و بەو خۆشحاڵییەوە و هیوایەی کە هەمە، چونکە مانگێک بەر لە ئێستا بۆ دیموکراتەکان وەک هەبوونی تازییە وابوو، بەڵام ئێستا وەک لەدایکبوونەوەی پارتێکی نوێیە، بۆیە زۆر دڵخۆشم، بەبیری هەموو کەسێکیشمان هێنایەوە، کاتێک نادادپەروەری دەبینی، کاتێک دەرفەتێکت هەیە راستییەکان بە دەسەڵات بڵێت، کاتێک بە دەنگێکی بەرز دەیڵێیت، رەنگە ئاسان نابێت، قورسبێت و بە ئازار بێت، رەنگە لەسەری کارەکەشت لەدەستبدەی، بەڵام هیچ شتێک گرنگتر نییە بۆ مرۆڤ ئەوەبکات کە راستە، ئەمەش مۆدێلی رەوشتێکە کە هەموو جیهان پێویستی پێییەتی.''
 
بەشداربووان هۆڵەکەیان پڕکردەوە و گەرموگوڕییەکی زۆر بە ئەندامان و نوێنەرانی ویلایەتەکانەوە دیاربوو، لە یەکەم دەرکەوتنی کامالا هاریس، بەربژێری سەرۆکایەتیش هۆڵەکە پڕ بوو لە جۆش و خرۆش.
 
لە یەکەم رۆژی کۆنگرەکەشدا، جۆ بایدن، هیلاری کلینتن، ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس و حاکمی ویلایەتەکان گوتاریان پێشکێشکرد و هانی ئەندامانی کۆنگرەکەیاندا بە گڕوتینی زیاترەوە پشتیوانی لە کامالا هاریس و تیم واڵز بکەن لە هەڵبژاردنەکەدا.
 
شیێڵا مەککۆرمیک، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێت: ''زۆر خۆشحاڵین کە لێرەین، کەشوهەواکەی پڕ هەیەجانە، ئەمەش ئەو چرکەساتەیە کە دڵنابین کارەکانمان تەواوبکەین، لە پێناو خەڵکی ئەمریکا بجەنگین، دەشبینیت ئەو خەڵکانەی لێرەن زۆر دڵخۆشن، دڵنیشادەبینەوە لەوەی ئەوەی دەیکەین شەڕە لە پێناو دیموکراسیمان.''
 
دوایین گوتاری کۆنگرەکەش لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشکێشکرا، ئەندامانی کۆنگرە بە دڵێکی گەرم و باوەشێکی کراوە پێشوازییان لە جۆ بایدن، بەربژێری پێشووی پارتەکەیان کرد.
 
بایدنیش بە رشتنی چەند فرمێسکێک گوتارەکەی دەستپێکرد و بۆ یەک کاژێر قسەی کرد، بێجگە لە رەخنەگرتن لە ترەمپ و پشتیوانیکردن لە کامالا هاریس، هاوکات باسی لە چەندین پرسی دیکە کرد، هەر لە سیاسەتی نێوخۆیی ئەمریکا تاوەکو شەڕی ئۆکراینا و ئاگربەستی غەززە.