بەشێکی ئەفریقییەکان لە رێگەی تورکیاوە بەرەو ئەمریکا کۆچ دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

دانیشتووانی وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا لە رێگەی تورکیاوە هەوڵدەدەن بچنە نێو خاکی ئەمریکا. ئەوانەی دەیانەوێت وڵاتەکەیان جێبهێڵن دەبێ گەشتێکی پڕ کێشە ئەنجامبدەن.
 
عومەر هاووڵاتییەکی موریتانییە بە نایاسایی بەرەو ئەمریکا کۆچی کردووە. بیری نیشتمانەکەی دەکات و خەریکی دروستکردنی خواردنێکە کە جاران دایکی بۆی ئامادە دەکرد. 
 
عومەر دەڵێت، "من یەکەم کۆچبەری گوندەکەمم کە هاتوومەتە ئێرە. کەم کەم کۆچبەران لە رۆژئاوای ئەفریقاوە بەرەو ئەمریکا دێن".
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە دانیشتوانی وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا لە نێویاندا موریتانیا فێری رێگەیەکی کۆچکردن بوون کە دواجار بە ئەمریکایان دەگەێنێت.
 
وەک لەسەر ئەو نەخشەیە دەردەکەوێت رێگەکە بە فڕۆکە لە رۆژئاواوە دەستپێدەکات؛ دەگاتە تورکیا؛ لەوێوە دەچێتە کۆڵۆمبیا لە ئەمریکای باشوور، بەرەو سێلڤادۆر دەڕوات و دوا وێستگەش نیکاراگوایە.
 
لەوێوە بە پاس و پاشان بە پێ قاچاخچییەکان دەیانبەنە سنووری مەکسیک و بە قاچاخی دەکرێنە ئەودیوی سنووری ئەمریکا. خەرجیی هەر کەسێك لانیکەم 8 هەزار دۆلارە. ئایساتا یەکێک بووە لەوانە و دەڵێت، "رێگەی گەیشتنمان بە ئەمریکا هیچ ئاسان نەبوو، بەڵام سوپاس بۆ خودا گەیشتین و لەو نەهامەتییە ئابووری و سیاسییەی وڵاتانمان رزگارمان بوو".
 
پۆلیسی نیکارگاوا دەڵێت، بە درێژایی ساڵی 2022 کەمتر لە 500 کۆچبەر لە رۆژئاوای ئەفریقا بەو رێگەیەوە کۆچیان کردووە. لە کاتێكدا تاوەکو تەممووزی ئەمساڵ زیاتر لە 4 هەزار کەس ئەو رێگەیەیان گرتووەتەبەر و گەیشتوونەتە ئەمریکا.