لە کینیا سەرۆکی هەڵبژێردراو چاوەڕوانی بڕیاری دادگەی باڵایە بۆ دەستبەکاربوون
رووداو دیجیتاڵ
پیاوێکی تەمەن 55 ساڵ کە وەکو خۆی دەڵێت، تاوەکو تەمەنی 15 ساڵی پارەی کڕینی جووتێک پێڵاوی نەبووە، براوەی هەڵبژاردنەکەی رۆژی 9ی ئەم مانگەی سەرۆکایەتی کینیایە.
ویلیەم روتۆ، جێگری سەرۆکی کینیا بوو لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا خۆی بە فریادڕەسی گەل و "لایەنگری هەژاران" پێناسە کرد.
ویلیەم روتۆ دەڵێت، "گەلی کینیا هەڵدەبژێرێت. من دەنگی گەلم، لایەنگری هەژارانم. دەنگ بدەن تاوەکو گۆڕانکاری ببێت و هەموومان لە نەهامەتی رزگارمان ببێت."
روتۆی "نوێنەری هەژاران" لە هۆزی بێ دەسەڵات و پەراوێزخراوی کالینجینە؛ ئەو دەڵێت، بە دەست و پەنجەکانی خۆی شەڕی سەرکەوتن بە پەیژەی دەسەڵاتی کردووە. دەسەڵاتێک کە نزیکەی 60 ساڵە لەلایەن هۆزە بەهێز و دەستڕۆیشتووەکانی کینیاوە قۆرخکراوە.
وەک رایلا ئۆدینگای رکابەری؛ ئەو جگە لەوەی سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆن و خاوەن ئەزموونی چەند ساڵەی سیاسییە، لە پشتیەوە یەکێک لە چوار هۆزە بەهێزەکانی کینیا وەستاوە کە هۆزی لووە؛ ئەو چەندین جار هێزی هۆز و ناوچەکەیی خستەڕوو.
رایلا ئۆدینگا، بەربژێری سەرۆکایەتی کینیا دەڵێت، "تەوقە لەگەڵ رکابەرەکانم دەکەم چ براوەی هەڵبژاردنەکان بم یان نا، چونکە من نوێنەرایەتی خۆم ناکەم بەڵکو جگە لە نوێنەرایەتی هۆزەکەم، نوێنەرایەتی هەموو کینییەکان دەکەم."
دەنگەکان جیاکرانەوە و پێچەوانەی پێشبینی راپرسییەکان؛ روتۆی "لایەنگری هەژاران" بە نزیکەی چارەکە ملیۆن دەنگێک پێش سەرکردەی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆن کەوت. بەڵام هەر زوو لە قۆناخی پێش راگەیاندنی براوەی هەڵبژاردنەکان کێشە و ناکۆکی لە نێوان حەوت ئەندامەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان روویدا؛ سیانیان جیاکردنەوەی دەنگەکانیان پێی پەسند بوو، لە بەرامبەر چوار کە رەتیان کردنەوە.
شەڕە بۆکس و ئێخەگرتن لەنێو هۆڵی کۆمیسیۆندا روویدا، بەڵام دواجار سەرۆکی کۆمیسیۆن دژ بە ویستی چوار ئەندامەکەی دیکە، ئەنجامەکەی راگەیاند.
وافولا چیبوکاتی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، "من وافولا چیبوکاتی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانم. لێرە رایدەگەیێنم کە روتۆ ویلیەم براوەی هەڵبژاردنەکانە و سەرۆکی هەڵبژێردراوی کینیایە."
سەرکەوتنی روتۆ بۆ کینییەکانی هۆزی لوو و هۆزە دەسترۆیشتووەکانی دیکەی وڵات قورس بوو؛ هەر زوو رژانە شەقامەکان و بە سووتاندن و شكاندنی فرۆشگە و دامەزراوەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی.
لە بەرامبەردا لایەنگرانی روتۆ سەرکەوتنی کوڕە هەژارەکەیان بە ئاهەنگگێڕان دەربڕی؛ ئەوان نوێنەرایەتی زیاتر لە 4 ملیۆن کەسی برسی دەکەن؛ نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار بێکار و زیاتر لە 4 ملیۆن کەسی تینوو کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی وشکەساڵییەوە.
روتۆ بەڵێنی گۆڕانکاری سیاسی و ئابووری داوەتە کینییەکان؛ ئەوەش بە کەمکردنەوەی هەژموونی کۆمپانیا چینییەکان و فرە رەنگکردنی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان؛ ئێستاش دانیشتنی لەسەر کورسی دەسەڵات بە بڕیاری دادگەی باڵای کینیا بەستراوەتەوە کە ئەگەری زۆرە لە ژێر لۆبی هۆز و خاوەن سامانەکان بە سوودیانی بشکێنێتەوە.