چاویلکەکەی گاندی مەزاد دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ
 
مەزادخانەیەکی بەریتانی چاویلکە ناسراوەکەی ماهاتما گاندی، مەزادکردووە و چاوەروان دەکرێت بە دەیان هەزار پاوەند بفرۆشرێت.
 
چاویلکەکەی گاندی رووکەشی ئاڵتوونی هەیە و لەسەری نووسراوە ئەمە چاویلکەکەی گاندییە.
 
ئاندی ستۆ، لە مەزادخانەی بریستۆلی رۆژئاوا دەڵێت مەزاتکردنی چاویلکەکەی گاندی وەک رێزلێنانەکە بۆ ئەو هەمووە کارە چاکانەی کە کردوویەتی.
 
بریارە چاویلکەکەی گاندی سبەی هەینی لەرێگەی ئۆنلاینەوە  بخرێتە مەزادەوە.
 
خستنەرووی ئەو چاویلکەیە دوای ئەوە دێت کە بەریتانیا رێوشوێنەکانی هاتووچۆی ئاسانکردووە و رێگەی بە مەزادخانەو شوێنە بازرگانییەکان دا کە بکرێنەوە.
بەپێی مەزادخانەی بریستۆل پێشبینیدەکرێت ئەو چاویلکەیە بە 50 هەزار پاوەند بفرۆشرێت.
 
موھانداس کەرمچاند گاندی لە دووی تشرینی یەکەمی ساڵی 1869 لە بور بەندەر لە ناوچەی گاجاراتی ھیندستان  لە دایکبووە. باپیری و پاشانیش باوکی سەرۆکوەزیرانی ناوچەی بور بەندەر بوون. 
 
 لەساڵی 1888بۆ خوێندنی یاسا چووەتە لەندەن. دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی  لەساڵی 1891 گەڕایەوە ھیندستان. ساڵی 1893 گاندی و خێزانەکەی چوونە ناوچەی ناتال لە باشوری ئەفریقیا، ساڵی 1915 گاندی گەڕایەوە ھیندستان و دەستی بە خەبات لە دژی ئینگلیزەکان کرد و کاری بۆ سەربەخۆیی هیندستان کرد. بەو هۆیەوە چەندینجار رووبەڕووی گرتن و دوورخستنەوە بووەوە.
 
گاندی لە ساڵی 1934 وازی لە سیاسەت هێنا و لە ریزی حیزبی کۆنگرەی ھیندستان کشایەوە، هەموو توانای خۆی بۆ  کارکردن لە پێناوی چاکسازی ئابووری کە گوندەکانی ھیند پێوەی دەیانناڵاند، تەرخانکرد.
 
بەڵام سەرلەنوێ و لەساڵی 1940 دەستی دایەوە خۆپیشاندانی درێژخایەن و ماوەی یەک ساڵی تەواوی خایاند. ئەودەم بەریتانییەکان بە شەڕی جیھانی دووەمەوە خەریک بوون.
 

لە ساڵی 1942 گاندی گوتارێکی گرنگی پێشکەشکرد کە تێیدا بە بەریتانییەکانی گوتبوو (ھیند بەجێبھێڵن تاوەکو رێزدارن)، بەریتانییەکان بەم گوتارە رازینەبوون، بۆیە وێڕای ئەوەی کە گاندی پشتگیری ئەوانیکردلە شەڕی جیھانی، بەڵام خۆی و لایەنگرانی بەندکران، تاوەکو لەساڵی 1944ئازادکرا. 
 
لەساڵەکانی 1944 و 1945 وەختێک کە ھیند بەرەوسەربەخۆیی دەڕۆشت مەیلی جوداخوازی لەنێوموسڵمانەکانی ئەوێدا سەریھەڵدا بە سەرۆکایەتی(موحەممەد عەلی) ئەمەش بووە ھۆی شەڕێکی خوێناوی لەنێوان موسڵمان و ھیندۆسەکان، گاندی ھەوڵیدا یەکێتی نیشتمانی بپارێزێت، بەڵام بێسوودبوو، تاوەکو کار گەیشتە جیابوونەوە و ئەوەش شەڕی ھیندو پاکستانی لێدروست بوو بەھۆی کشمیرەوە. 
 
لەنێوخۆی ھیندوستاندا کەمینە موسڵمانەکان بوونە ئامانجی تووندڕەوە ھیندۆسییەکان، گاندی بەردەوام داوایدەکرد کە رێزیان لێبگیرێت و ئازار نەدرێن. ئەو ھەڵوێستەی گاندی تووندڕەوە ھیندۆسەکانی تووڕەکرد، بۆیە بڕیاریاندا بیکوژن، ئەوەبوو لە ڕێکەوتی 30ی شوباتی 1948 لەتەمەنی 78 ساڵیدا بەدەستی تووندڕەوێکی ھیندۆسی کوژرا.