راپرسییەک: دانیشتووانی هیندستان باشترین خەوی شەوانیان هەیە

رووداو - هەولێر

بە گوێرەی راپرسییەکی نوێ کە بۆ باشترین خەوی شەوانە لەنێو خەڵکی جیهاندا کراوە، دانیشتووانی هیندستان لە پلەی یەکەمدان. 

راپرسییەکە لەلایەن "گرووپی کەی جەی تی" تایبەت بە توێژینەوە لە بازاڕە جیهانییەکان لەڕێگەی ئۆنلاین ئەنجامدراوە، تێیدا 11 هەزار کەس لە تەمەنی 18 بەرەوسەر لە 12 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارییان کردووە.

ریزبەندیی وڵاتەکان پشتی بە پێوەرەکانی کوالێتیی خەو بەستووە و جەختی لەسەر ئەوە بووە کە دانیشتووانی کام وڵات بە شەوان باشتر دەخەون و تێرخەو دەبن.

بەگوێرەی ریزبەندیی راپرسییەکە، هیندستان لە پلەی یەکەمە و خەڵکەکەی باشترین خەوی شەوانەیان هەیە، هەر یەکە لە سعودیە و چینیش لە پلەکانی دووەم و سێهەمدان. خراپترین خەویش هی دانیشتووانی وڵاتانی ژاپۆن و کۆریای باشوورە.

لە راپرسییەکە ئەوەشهاتووە 62%ـی دانیشتووانی ئەو وڵاتانە هەست دەکەن بە گوێرەی پێویست و بە شێوەیەکی باش ناخەون. 

خەڵکی کەنەدا و سەنگاپوورەش لە ریزبەندی یەکەمینی ئەو وڵاتانە دێن کە بەهۆی فشار و نیگەرانییەوە خەویان لێ تێکدەچێت.

هەر بەپێی راپرسییەکە، 36%ـی خەڵکی هیندستان و 30%ـی خەڵکی ئەمریا ئاژەڵە ماڵییەکانیان لەگەڵ خۆیان دەخەوێنن. 

تێکڕای کاژێرەکانی خەو لەسەر ئاستی جیهان بۆ کەسانی پێگەیشتوو لە رۆژانی کاری هەفتەدا 6.8 کاژێر و لە رۆژانی کۆتایی هەفتەشدا 7.8 کاژێرە.