کۆچبەرێک لە نۆکەندی ئینگلیز خنکا
رووداو دیجیتاڵ
پاسەوانی سنوورە ئاوییەکانی فەرەنسا دەڵێت، کۆچبەرێک لە ئەنجامی نوقمبوونی بەلەمێک لە نۆکەندی ئینگلیز خنکاوە، ئەوەش دەبێتە دووەم کۆچبەر لە سێ رۆژی رابردوودا لەکاتی پەڕینەوە بۆ بەریتانیا دەخنکێت.
پاسەوانی سنوورە ئاوییەکانی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، کاژێر 1:00ی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە [کاژێر 2:00ی بەرەبەیانی بە کاتی هەولێر] بەلەمێکی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز نوقمبووە و بەوهۆیەوە کۆچبەرێکی سوودانی گیانی لەدەستداوە.
پاسەوانی سنوورە ئاوییەکانی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکردووە، بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکە 85 کۆچبەری تێدا بووە کە زۆربەیان خەڵکی ئەسیوپیا، ئەریتریا و سوودان بوون.
لەنێو رزگارکراوەکاندا پۆلیس 3 کەسی دەستگیرکردووە کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت قاچاخچی بن.
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 17ـی ئەم مانگە بەلەمێکی دیکەی کۆچبەران لە لەکاتی پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز ژێرئاو کەوت و لە ئەنجامدا کۆچبەرێک خنکا؛ 71 کۆچبەری دیکەش رزگار کران.
رۆژی 12ـی ئەم مانگەش، بەلەمێک بە دەیان کۆچبەرەوە لە نۆکەندی ئینگلیز نزیک لە شاری بولن سوغ مێغی فەرەنسا نوقم بوو، هەر زوو چەند تیمێک لە رێگەی هێلیکۆپتەرێک و کەشتی و بەلەمێکەوە چوون بۆ رزگارکردنیان و 66 کۆچبەریان رزگار کرد.
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی حکومەتی بەریتانیا بڵاویکردوونەتەوە، ساڵی رابردوو 29 هەزار و 437 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە بەریتانیا. ژمارەکە بەراورد بە ساڵی پێش ئەوە، 36% کەمیکردووە، چونکە لەو ساڵەدا 45 هەزار و 774 کۆچبەر گەیشتبوونە ئەو وڵاتە.