رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی جۆ بایدن دەڵێت، بەربژێرەکەی دیموکراتەکان لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەمێنێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی میدیای ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەو حیزبەوە بڵاویکردەوە، بایدن رۆژی یەکشەممە دەکشێتەوە.
جێن دیلۆن، سەرۆکی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی بایدن رایگەیاند، "بێگومان سەرۆک لەم کێبڕکێیە دەمێنێتەوە. جۆ بایدن لە هەموو کاتێک ئامادەترە بۆ ئەوەی لە دۆناڵد ترەمپ بباتەوە. سەرۆک بایدن باشترین کەسە لە ترەمپ بباتەوە."
دوای دیبەیتەکە لە کۆتایی مانگی رابردوودا بەهۆی تەمەن و توانایەوە بایدن رووبەڕووی رەخنەی زۆر بوویەوە و داوای لێکرا واز لە خۆ بەربژێرکردن بهێنێت. لەوبارەوە جێن دیلۆن گوتی، "ئەوانەی لەپشت بایدن دەوەستن و لەگەڵیدان، زۆر زیاترن لەو کەسانەی کە نایانەوێت بەردەوام بێت."
رۆژی پێنجشەممە میدیای ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی باڵای پارتی دیموکراتی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، جۆ بایدن رۆژی یەکشەممە 20-07-2024 لەژێر گوشاری ئەندامانی پارتەکەی و هاوڕێکانی، رازی دەبێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بکشێتەوە.
سەرۆکی تیمەکەی بایدن رایگەیاند، "کاری زۆر هەیە دەبێت بکرێت و بە قۆناخێکی ئاسان تێناپەڕین، بەڵام بایدن پشتگیرییەکی زۆری [لە نێو دیموکراتەکان] هەیە."
پێگە ئەمریکییەکە کە ئەو هەواڵەی بڵاوکردەوە، ئاماژەی بەوەدا، بەرپرسانی باڵای پارتەکەی بایدن، هەروەها هاوڕێ و ئەو لایەنانەشی یارمەتیی دارایی پێ دەبەخشن، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە بایدن ناتوانێت هەڵبژاردنەکە لە دۆناڵد ترەمپی کۆماری بباتەوە و ناشتوانێت تێڕوانینی رای گشتی بۆ توانا جەستەیی و هزرییەکانی بگۆڕێت. یەکێک لەوانە چەک شومەر، سەرکردەی زۆرینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران بە بایدنی گوتووە "باشترین رێگە ئەوەیە بکشێتەوە."
بەرەبەیانی رۆژی هەینی بە کاتی هەولێر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و رکابەری بایدن لە کۆنگرەی نیشتمانیی کۆمارییەکان بەربژێربوونی خۆی قبووڵکرد. ترەمپ لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، "ئەمریکا وەک وڵات بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە. ئەگەر تەماشای 10 خراپترین سەرۆک بکەیت، ئەوا هیچیان بەقەد بایدن زیانی [بە ئەمریکا] نەگەیاندووە."
بەگوێرەی دوایین راپرسی کە لە 18-07-2024 کراوە، بایدن 44.7٪ـی دەنگی ئەمریکییەکان بەدەستدێنێت و 47.7٪ـی ئەوانەی بۆچوونیان وەرگیراوە دەنگیان بە ترەمپ داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ