کۆمپانیایەکی فەرەنسی: ئەو ئۆتۆمبێلەی هەوای تایەی کەمە بەنزینی زیاتر دەسووتێنێت


رووداو دیجیتاڵ

بیرت لەوە کردووەتەوە بۆچی هەندێک جار ئۆتۆمبێلەکەت زیاتر لە بڕی ئاسایی خۆی، سووتەمەنی دەسوتێنێت؟ بەدەگمەن لەکاتی هەبوونی ئەو کێشەیە بیرمان بۆ تایەی ئۆتۆمبێلەکانمان دەچێت، بەڵام کۆمپانیایەکی بیمەی ئۆتۆمبێل لە فەرەنسا دەڵێت، کەمیی هەوای تایە وادەکات ئۆتۆمبێل سووتەمەنیی زیاتر بسووتێنێت.
 
ڤێنسێست پۆڵەس، پەنچەرچییە، ئەو پێی وایە "کەمیی هەوای تایە وادەکات پەستانی زیاتر لەسەر تایەکە دروستببێت، ئەوەش کاریگەری لەسەر سووڕانی تایەکە دروست دەکات، کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە سووتەمەنی زیاتر بسووتێنێت. کاتێک تایەکە کەم هەوایە، نەرمترە و خاوتر دەسووڕێت."
 
بەگوتەی کۆمپانیا فەرەنسییەکە، چەند هەوای تایەکە کەمتر بێت، ئۆتۆمبێلەکە سووتەمەنی زیاتر دەسووتێنێت.
 
تایەیەکی ئاسایی دەبێت 28 تاوەکو 35 پاوەند هەوای تێدابێت. ئەگەر بێت و 10 پاوەند کەمتر بێت لەو بڕە، ئەوا ئۆتۆمبێلەکە 2٪ تاوەکو 4٪ سووتەمەنی زیاتر دەسووتێنێت.
 
بەواتایەکی دیکە. ئەگەر بە تایەیەکی ئاسایی بتوانێت بە هەر لیترێک سووتەمەنی 10 کیلۆمەتر ببڕیت، ئەوا بە تایەی کەم هەوا دەتوانیت بە هەر لیترێک سووتەمەنی تەنیا 9.6 کیلۆمەتر ببڕێت.
 
ئەو پەنچەرچییە فەرەنسییە دەشڵێت، "بەردەوام دەبێت هاوسەنگیی تایەکانی ئۆتۆمبێلەکەت بپارێزیت، کاتێک کە شتی زیاتر لە ئۆتۆمبێلەکەت بار دەکەیت، دەبێت هەوای زیاتر لە تایەکان بکەیت. کاتێکیش هەست دەکەیت تایەی ئۆتۆمبێلەکەت کۆن بووە، دەبێت بیگۆڕیت، ئەوەش وادەکات هەم سەلامەتتر بیت و ئۆتۆمبێلەکەشت کەمتر سوومەتەنی بسوتێنێت."
 
جگە لە سووتاندنی سووتەمەنی زیاتر، کەمیی هەوای تایە وادەکات تایەکە زووتر ستۆک بێت و کۆنترۆڵکردنی ئۆتۆمبێلیش لەسەر شەقامەکان قورستر دەکات.