رووداو دیجیتاڵ
دادگای دەستووریی هۆڵەندا دەڵێت، وەزارەتی کۆچبەریی ئەو وڵاتە ناهەقیی لە هەڵسەنگاندنی دۆسێی ئەوانەدا کردووە کە لەو وڵاتە داوای مافی پەنابەرییان کردووە.
یەکێک لە ئەرکەکانی دادگای دەستووریی هۆڵەندا کۆنترۆڵکردنی بڕیار و هەڵسوکەوتی حکومەتە لەو وڵاتەدا.
کاتێک حکومەت کارێک بکات کە پێچەوانەی دەستوور و نادیموکراسییانە بێت، دادگای دەستووری بڕیاری لەسەر دەدات. لەپەنای ئەوەش راوێژ دەداتە حکومەت کە چۆن بەپێی دەستوور حوکمڕانی بکەن.
ئێستا ئەو دادگایە حوکمێکی نوێی لەسەر وەزارەتی کۆچبەرانی هۆڵەندا داوە. تاوەکو ئێستا ئەو وەزارەتە کەیسی پەناخوازانی لەسەر بنەمای ئەوە یەکلایی دەکردەوە کە ئەو وڵاتەی لێیەوە هاتووە لە چ جۆرێکدایە (کاتەگۆرییەکدایە)؛ بۆ نموونە ئەگەر کەسێک لە باشووری کوردستانەوە داوای پەنابەریی کردبووایە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا رەتدەکرایەوە، چونکە لە کاتەگۆریی دەوڵەتی هۆڵەندادا کوردستان شوێنێکی ئارامە.
دادگای دەستووریی ئەو وڵاتە دەڵێت، ئەمە هەڵەیە و دەبێت لەمەودوا دۆخی تایبەتیی کەسەکە و چیرۆکی پەنابەرییەکەی بە جیا لە دۆخی وڵاتەکەی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە لە سایەی حکومەتە نوێیە راستئاژۆکەی هۆڵەندا، رێژەی هاتنی کۆچبەران بۆ وڵاتەکە سێ مانگە کەمتر دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ