رووداو دیجیتاڵ
لە شاری ئۆکلاند لە باکووری نیوزیلاند، کەسێک بە چەک هێرشی کردە سەر ژمارەیەک خەڵکی سڤیل و لە ئەنجامدا دوو کەس کوژران و شەشی دیکەش بریندار بوون؛ پۆلیسی نیوزیلاندیش هێرشکارەکەی کوشتووە.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 20ی تەممووزی 2023 کەسێک لە نزیک باڵەخانەیەکی تازە دروستکراودا لە ناوەندی شاری ئۆکلاند، بە چەک هێرشی کردە سەر ژمارەیەک خەڵک و دواتریش پۆلیس وەڵامی داوەتەوە، لە ئەنجامدا بە هێرشکەرەکەوە سێ کەس کوژران و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون. یەکێک لە بریندارەکان ئەفسەرێکی پۆلیسە.
پاش هێرشەکە، کریس هۆپکنس، سەرۆکوەزیرانی نیوزیلاند رایگەیاند، وەکو هێرشێکی "تیرۆرستی" مامەڵە لەگەڵ هێرشەکە ناکەن، بەڵکو وەکو کارێکی تاکە کەسی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە بڕیارە، ئەمڕۆ پاڵەوانێتیی جامی جیهانیی تۆپی پێ بۆ ئافرەتان لە ئوسترالیا و نیوزیلاند بەڕێوەبچێت و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش دڵنیایی دا لەوەی پاڵەوانێتییەکە وەکو خۆی بەڕێوەدەچێت و ئەو رووداوە کاریگەریی لەسەر ئامادەکارییەکانی ئەو پاڵەوانێتییە نابێت.
واین بڕاون، سەرۆکی شارەوانیی شاری ئۆکلاند لە هەژماری تویتەرەکەی رایگەیاند، سەرجەم کارمەندان و ستاف و یاریزانانی هەڵبژاردەکانی تۆپی پێ، کە لەو شارە نیشتەجێن، سەلامەتن. گوتیشی، "هەرگیز رووداوێکی لەو شێوەیە لەم شارە جوانە رووینەداوە. ئەم رووداوەی بەیانی، رووداوێکی تراژیدییە و مایەی دڵگرانییە بۆ هەموو ئۆکلاندییەک، چونکە ئەمە شتێک نییە لەگەڵی راهاتبین."
لە پاش رووداوەکەش، یەکێتیی تۆپی پێی جیهان- فیفا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، ژمارەیەک لە تیمی هەڵبژاردەکان هۆتێلەکانیان لەنزیک رووداوەکە بووە، بەڵام سەرجەمیان سەلامەتن و رێوشوێنی تووندی ئەمنیش گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی ستاف و یاریزانانی هەڵبژاردەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ