لە هەڵبژاردنی ئیسپانیا، پێشبینی دەکرێت پارتێکی دژە کۆچبەر رێژەی دەنگەکانی بەرز ببێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا لە چاوەڕوانیی هەڵبژاردنێکی یەکلاکەرەوەدایە؛ پرسی سەرەکیی هەڵبژاردنەکە، پرسی کۆچبەرانە، کە لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەیان لەو وڵاتەدا زیاد بووە. پێشبینییەکانیش بەو ئاراستەیەن کە پارتێکی دژە کۆچبەر رێژەی دەنگەکانی بەرز ببێتەوە.
بەگوێرەی راپرسییەکان، پارتی ڤۆکسی راستڕۆی ئیسپانی، کە بە پارتێکی ناسیۆنالیست و دژە کۆچبەر ناسراوە، پێشبینی دەکرێت رێژەی دەنگەکانی بەرز ببێتەوە، ئەوەش کۆچبەرانی ئەو وڵاتەی نیگەران کردووە.
بونیە شەعبان، کۆچبەری سووریایی دەڵێت، "لەو خەڵکە تێناگەم، پارتی ڤۆکس چۆن بیر دەکەنەوە؟ رۆژێک شەڕ لێرە هەبێت و ناچار بن بەرەو وڵاتێکی دیکە کۆچ بکەن، ئایا دەیانەوێت بەم شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت؟ من لەم جۆرە کەسانە تێناگەم."
محەممەد، کۆچبەر لە ئیسپانیا ئاماژە بەوە دەکات، "کۆچبەران لێرە کار دەکەن و ئابوورییەکەی پەرەپێدەدەن، پارتی ڤۆکس هیچ بەرنامەیەکی سیاسییان نییە، تاکە بەرنامەیان رق و کینەیە بەرامبەر بە رەشپێست و عەرەب و خەڵکی بیانی."
لە هەڵبژاردنی گشتیی ئیسپانیادا، کە بڕیارە رۆژی 23ی ئەم مانگە بکرێت، ئیسپانییەکان دەنگ بۆ هەڵبژاردنی 350 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران و 208 لە کۆی 265 کورسیی سینات دەدەن.
بەگوێرەی راپرسییەکی پۆلیت پڕۆ، پارتی کۆنزێرڤەتیڤی ئیسپانی - پارتی گەل (PP)، بە جیاوازییەکی زۆر لەپێش پارتی دەسەڵاتداری سۆشیالیستەوەیە، پێشبینی دەکرێت 131 - 151 کورسی بەدەستبهێنێت، هەروەها پارتی راستڕۆی دژە کۆچبەر - ڤۆکس 36 کورسی بەدەستدەهێنێت، بەمەش دەتوانن پێکەوە حکومەتی زۆرینە پێکبهێنن، هەرچی پارتی سۆشیالیستی دەسەڵاتدارە پێشبینی کراوە 108 کورسی بەدەست بهێنێت. هاوپەیمانێتیی سومەریش کە هاوپەیمانێتییەکی 15 پارتی چەپە، 33 کورسی بەدەستدەهێنن.
بەگوێرەی سیستمی هەڵبژاردنی ئیسپانیا، پلەی سێیەم بۆ پارتەکان زۆر گرنگە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە زۆر ناوچەدا، زۆربەی کات ئەو پارتەی لە پلەی سێیەم دێت، دەتوانێت نوێنەریان بۆ پەرلەمان بنێرن، بەڵام ئەو پارتەی لە پلەی چوارەم دێت، ناتوانن.
خۆرخی باخودی، جێگری سەرۆکی پارتی ڤۆکس دەڵێت، "سنوورەکان بپارێزن بە هەموو ئامراز یاساییەکانی لەبەردەستن، ئەگەر بەرگری لە ئازادییەکانمان لەسەر سنوور نەکەین، ئەوا دەبێت لەسەر شەقامەکان بەرگری بکەین، ئەگەریش لەسەر شەقامەکان بەرگری نەکەین، ئەوا دەبێت بەرگری لە ماڵەکانمان بکەین بەوەی دیواری بەدەوردا هەڵچنین هەر وەکو ئەوەی هەفتەی رابردوو لە فەرەنسا روویدا. دەبێت لەپێناو ئەوروپا بجەنگین و سنوورەکانمان بپارێزین."
یەکگرتنی پارتی گەل و ڤۆکس بۆ پێکهێنانی حکومەت، واتای گەڕانەوەی پارتێکی راستڕۆیە بۆ لووتکەی دەسەڵاتی ئیسپانیا لەدوای ساڵی 1978ـەوە، ئەو ساڵەی دەستووری نوێی ئیسپانیا پەسند کرا لەدوای 40 ساڵ لە دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی فرانسیسکۆ فرانکۆ.