رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکی و کۆریای باشوور رایانگەیاندووە، سەربازێکی ئەمریکی لەکاتی گەشتکردنیدا بۆ سەر سنووری کۆریای باکوور، بەرەو ئەو وڵاتە هەڵاتووە و زانیارییان هەیە سەربازە ئەمریکییەکە لەلایەن سوپای کۆریای باکوورەوە دەستبەسەرە.
رۆژی چوارشەممە 19ی تەممووزی 2023 فەرماندەی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە چاودێری و کۆنترۆڵی ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەردوو کۆریاکە دەکات، ئەو راپۆرتە میدیاییانەی پشتڕاست کردەوە کە تراڤەس کینگ، سەربازی ئەمریکی رۆژی 18ی ئەم مانگە لەکاتی گەشتێکیدا بۆ ناوچە سنوورییەکان، بەرەو کۆریای باکوور هەڵاتووە.
سوپای ئەمریکا رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە هەڵاتنی ئەو سەربازەیان دەکەن و تائێستا دیارنییە هۆکاری هەڵاتنەکەی چییە.
میدیای ئەمریکا ئاشکرای کردووە، کینگ هەفتەیەک پێش ئەوەی هەڵبێت بۆ کۆریای باکوور، لە کۆریای باشوور دووچاری کێشە هاتووە و لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر کراوە و دواتر رادەستی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە کراوەتەوە.
دواتر لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە رەوانەی فڕۆکەخانەی سیئۆل کراوە تاوەکو بگەڕێندرێتەوە ئەمریکا، بەڵام بە نهێنی فڕۆکەخانەی جێهێشتووە و لەگەڵ گرووپێکی گەشتیاری چووەتە سەر سنووری کۆریای باکوور، پاشان لە گرووپەکە دابڕاوە و هەڵاتووە بۆ کۆریای باکوور.
بەرپرسانی کۆریای باشووریش ئاماژەیان بەوە کردووە، کینگ بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر کەسێک دەستگیر کراوە، لە کاتی دەستگیر کردنیشی هێرشی کردووەتە سەر ئەفسەرێکی پۆلیسی کۆریای باشوور. کینگ لەسەر ئەوە دوو مانگ خراوەتە زیندانەوە.
کینگ تەمەنی 23 ساڵە و لە کانوونی دووەمی 2021ـەوە لەنێو سوپای ئەمریکا خزمەت دەکات.
کلۆدین گەیتس، دایکی کینگ بە میدیای ئەمریکیی راگەیاندووە، "بە بیستنی هەواڵەکە تووشی شۆک بووم و هەرگیز بڕوا ناکەم تراڤەس کارێکی لەو جۆرە بکات". دایکی کینگ ئەوەشی ئاشکرا کردووە، چەند رۆژێک پێش ئەوەی بەرەو کۆریای باکوور هەڵبێت، قسەی لەگەڵ کوڕەکەی کردووە و پێی راگەیاندووە بە زووترین کات دەگەڕێتەوە ئەمریکا و دەچێتەوە سەربازگەکەی لە ویلایەتی تێکساس.
ئەمریکا و کۆریای باکوور هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسییان نییە. ئەرکی بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە بە باڵیۆزخانەی سوێد لە پیۆنگیانگی پایتەختی کۆریای باکوور سپێدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ