وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا: لە کامپی هۆل نەوەی داهاتووی داعش پەروەردە دەکرێت
رووداو - دۆسلدۆرف
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا باس لە 80 هاووڵاتی خۆی دەکات کە پێشووتر لەنێو داعشدا بوون و ئێستا لە کامپی هۆلی رۆژئاوای کوردستان بە دیل گیراون رایدەگەیێنێت، لەنێو ئەو کەمپە ژنەکان وانە بە منداڵان دەڵێنەوە و نەوەی داهاتووی داعش پێدەگەێنرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکات، 80%ـی ئەو ژنانەی لە باغۆز بەدیل گیراون، "پۆلیسی شەریعەت بوونە". ئەو ژنە بیانیانەی ئێستا لە کامپەکە گیراون بە شێوەیەکی رێکخراو وانە بە منداڵانی خوار 18 ساڵی دەڵێنەوە. هەروەها ئاماژە بە زیادبوونی توندوتیژیی نێو کامپەکە و لەلایەن نێوجوانەکان دەکات.
لە وەڵامی پرسیاری 13 پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا و فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی فیدراڵی لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ دیلەکانی کامپی هۆل، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاندووە "لە هەندێک بەشی کامپی هۆل چەند هەزار دانیشتووی هەیە مێینەکانی کەسوکاری داعش دەسەڵاتێکی ئایدۆلۆژییان بەپێی بەهاکانی داعش دامەزراندووە".
ئەو وەڵامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆپیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە و تێیدا هاتووە، هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانیوە ئاسایش و سەقامگیریی هەندێک لە کامپەکان بپارێزن. لەبارەی پێشکێشکردنی خواردن و خزمەتی تەندروستیش دەڵێت، "زۆرینەی کامپەکان پڕن و خزمەتی تەندروستی بە سنوورداری دەتوانرێ پێشکێش بکرێت. کەمیی خواردن بووەتەهۆی ئەوەی بەشێکی منداڵەکان بەدەست بەدخۆراکی بناڵێنن".
بەپێی ئەو ئامارەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەو وەڵامەیدا ئاشکرایکردووە، 80 هاووڵاتی ئەڵمانی کە 50 ژن و 30 پیاون تاوەکو 12ـی حوزەیرانی ئەمساڵ لەنێو کامپەکانی رۆژئاوای کوردستانن یان دەستگیرکراون. "هەموویان کەسوکاری داعشن یان پەیوەندییان بە داعش یان رێکخراوێکی دیکەی تیرۆریستی هەیە".
ئەو پەرلەمانتارانە داوایان لە ئەڵمانیا کردووە کە ئایا ئاگادارن لە کامپەکانی داعش کە منداڵیان تێدایە نەوەی نوێ پەروەردە دەکرێن؟ وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژە بەوەشدەکات، ژنانی بیانی لە کەمپەکە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو سەرقاڵی وانە گوتنەوەن بەو منداڵ و نەوجەوانانە.
یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی پارتی چەپ ئولا یێلپکە یە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەرکی حکومەتی ئەڵمانیا یە هاووڵاتیانی ئەڵمانیا لە کامپی هۆل و کامپەکانی دیکە و گرتووخانەکانەوە بگەڕێنێتەوە ئەڵمانیا و ئەگەر پەوەندیشیان بە داعشەوە هەبێت "لێرە ببرێنە بەردەم دادوەر".
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان داوایان لە وڵاتانی بیانی کردووە کە ئەندامە داعشەکانیان ببەنەوە، یێلپکە پرسیار دەکات "بۆچی دەبێ کورد، کە خوێنێکی زۆریان لە شەڕی دژی داعش رشتووە، ئێستا ئەو ئەرکە قورسە بکەوێتە سەر شانیان بۆ حەواندنەوە ئەندامانی داعش؟"
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە بارەی ئازادکردنی هاووڵاتیانی لەنێو رۆژئاوای کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، حکومەتی ئەڵمانیا زانیاری هەیە کە تاوەکو ئێستا 12 ئافرەت، ئەوانەی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە تاوانەکانی داعش لە باکووری سووریا گیرابوون، رزگاربوونە، هەروەها 23 منداڵیشیان لەگەڵدابووە. "هەندێک لەوانە لە سووریاوە هاتوونەتە تورکیا و لەوێشەوە دیپۆرتکراون بۆ ئەڵمانیا. هەروەها ئافرەتێک و حەوت منداڵ لە رێگەی حکومەتی ئەڵمانیاوە لە خاکی عێراقەوە براونەتەوە ئەو وڵاتە".
لەبارەی هاوکارییەکانی ئەڵمانیا بۆ ئەو کامپانە، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەڵێت، وڵاتەکەیان ئامادەیە هاوکاریی پێشکەشی هەر رێکخراوێکی ناحکومی بکات بۆ ئەوەی هاوکاریی ئاوارەکان بکەن، هاوکارییەکانیش بریتین لە "خۆراک، تەندروستی و کەلوپەلی پاککردنەوە".
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رۆژئاوای کوردستانەوە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەی ئەو دیلانەی هەڵگری وڵاتینامەی ئەڵمانین زۆر لەوە زیاترە کە حکومەتی ئەڵمانیا باسیان دەکات.