رێبەری کۆریای باکوور دوو سەگ بە دیاری دەداتە سەرۆکی رووسیا
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی فەرمیی کۆریای باکوور رایدەگەیێنێت، کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور دوو سەگی پێشکێشی ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا کردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی حوزەیرانی 2024، ئاژانسی فەرمیی کوریای باکوور وێنەیەکی پووتین و رێبەری کۆریای باکووری بڵاوکردەوە، کە هەردووکیان بەیەکەوە لە باخچەیەکی شاری پیۆنگیانگی پایتەختی کۆریای باکوور راوەستاون و لەنێو پەرژینێکی بە گوڵ داپۆشراو دوو سەگیان لایە.
ئاژانسی فەرمیی کۆریای باکوور دەڵێت: "ئەو دوو سەگەی کیم پێشکێشی پووتینی کردووە لە جۆری پوگسانن، سەگی نیشتیمانی وڵاتەکەمانن".
شەوی سێشەممە 18-6-2024، فڕۆکە تایبەتەکەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گەیشتە فرۆکەخانەی پیۆنگیانگ. رووسیا و کۆریای باکوور پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە، بەتایبەت دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی 2022.
پووتین لە سەردانەکەیدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆرەس سێناتی دروستکراوی رووسیای پێشکێشی رێبەری کۆریای باکوور کرد.
ئەمە یەکەم سەردانی ڤلادیمیر پووتینە بۆ کۆریای باکوور لە ساڵی 2000ـەوە؛ هەروەها یەکەم سەردانییەتی لەو کاتەوەی کیم جۆنگ ئوون لەساڵی 2011ـەوە چووەتە سەر دەسەڵات.
ئەم سەردانەی پووتین بۆ کۆریای باکوور لەکاتێکدایە، وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا، کۆریای باکوور تۆمەتبار دەکەن بەوەی چەک بۆ رووسیا دابین دەکات بۆ ئەوەی لە جەنگەکەیدا دژی ئۆکراینا بەکاری بێنێت.