پزیشکی رزگاربووەکانی بەلەمەکەی ئیتالیا بۆ رووداو قسە دەکات

20-06-2024
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
دکتۆر سا دێل نێگرۆ، پزیشکی سەرپەرشتیاری رزگاربووەکانی بەلەمەکەی ئیتاڵیا.
دکتۆر سا دێل نێگرۆ، پزیشکی سەرپەرشتیاری رزگاربووەکانی بەلەمەکەی ئیتاڵیا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رووداو بەدواداچوون بۆ دۆخی کۆچبەرە رزگاربووەکانی بەلەمە تێکشکاوەکەی نزیک کەناراوەکانی ئیتاڵیا دەکات و رەوشی تەندروستیی رزگاربووان لە زاری خۆیان و پزیشکەکانیانەوە دەگێڕێتەوە.
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، شارۆچکەی سۆڤێراتۆی هەرێمی کالابریایە لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست لە باشووری ئیتاڵیا. 
 
لە یەكێک لە نەخۆشخانەکانی شارۆچکەکە، دوو کۆچبەری کورد؛ دایکێکی جەرگسووتاو و کچێکی گەنج کە رزگاربووی رووداوی بەلەمە تێکشکاوەکەن، چارەسەر وەردەگرن. 
 
موژدەی 41 ساڵ، دانیشتووی شاری هەولێرە و دایکی چوار منداڵە. لەگەڵ هاوژینەکەی لە بەلەمەکەدا بوون. تەنیا خۆی و کوڕێکی رزگاریان بووە. هاوژین و سێ منداڵی لە رووداوەکەدا بەهۆی سەرما و تێکشکانی بەلەمەکەیانەوە لەپێش چاوی خۆیەوە، گیانیان لەدەستداوە.
 
موژدە عومەر بە رووداوی گوت، منداڵە بچووکەکەی سێ ساڵ و نیو بوو؛ منداڵێکی دیکەی بەناوی ماردین 12 ساڵ بوو؛ منداڵێکی دیکەی بەناوی مەیلان 16 ساڵ، منداڵێکی دیکەی بەناوی میران 14 ساڵ و هاوینەکەیشی لەنێو بەلەمەکەدا بوون.  
 
موژدە ئاماژەی بەوە کرد، هەر لەنێو کەشتیەکەدا خوشکێکی، هاوژینی خوشکەکەی و منداڵەکەیان لەگەڵ بوو و جگە لە خۆی و منداڵێکی، ئەوانی دیکە هەموویان بە شێوازی جیاواز گیانیان لەدەستدا یان بێسەروشوێنن. 
 
روئیا محیەدینی، تەمەن 20 ساڵانە. خەڵکی هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستانە. زیاتر لە شەش مانگ لە تورکیا ماوەتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت "بە رێگەیەکی سەلامەت" بەرەو ئەورووپا کۆچ بکات. هەرچەندە خۆی زیندوو مایەوە، بەڵام شاهێدی تراژیدیایێکی گەورەی کۆچبەرانی کوردە. لەو کارەساتەدا، لەنێو 60 بۆ 80 کەس دا، تەنیا یازدەیان رزگار بوون. 
 
روئیا دەڵێت: "ئەوانەی لە ژیاندان، یەکێکیان خەڵکی مهابادە، ئەوی دیکەیان خەڵکی بۆکانە؛ خۆشم خەڵکی هەورامانم. دووانیشیان خەڵکی ورمێ بوون. ئەوانی دیکەش باشووری بوون. یەکێکیان عەرەب و کەسێکی دیکەشیان سووری بوو."
 
ئەو پزیشکەی سەرپەرشتیی رزگاربووان دەکات، دەڵێت، مەترسی لەسەر ژیانیان نەماوە و دەتوانن دوای چەند رۆژێکی دیکە نەخۆشخانە جێبهێڵن. 
 
دکتۆر سا دێل نێگرۆ، پزیشکی سەرپەرشتیاری رزگاربووەکانی بەلەمەکەی ئیتاڵیایە و دەڵێت: "تەندروستییان باشترە بە بەراورد لەگەڵ ئەو کاتەی گەیشتن. ئێمە چارەسەریمان بۆ کردوون. بە لانیکەم سێ بۆ چوار رۆژی دیکە لێرە دەبن و دواتر دەکرێت دەربچن." 
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، لەپاڵ دەربڕینی هاوسۆزی بۆ کورد و کەسوکاری قوربانییان، دەڵێت، نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 17ـی حوزەیران رزگاربووان گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکەیان. 
 
دکتۆر ئەنتۆنیۆ گالوچی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شارۆچکەی سۆڤێراتۆ دەڵێت: "نزیکەی کاژێر 12:00 بۆ 2:00 بوو. سەرەتا چارەسەری بۆیان کرا لە پشکی ئێمرجێنسی و دواتر لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەو پشکە بڕیار درا بهێندرێنە ئێرە. هاوسۆزیی خۆم بۆ هەموو خەڵکی کورد و کەسوکاری قوربانییەکان دەردەبڕم." 
 
حکومەتی ئیتاڵیا بە فەرمی رایگەیاندووە کە گەڕان بەدوای تەرمی زیاتر لە 50 بێسەروشوێنبووی بەلەمەکەدا بەردەوامە یان راگیراوە، بەڵام ئەوەی راوەستاوە، بە ئەگەری زۆرەوە دڵی هەموو ئەوانەیە کە لە بەلەمەکەدا بوونە و تاوەکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە.  
 
 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە