رووداو دیجیتاڵ
شاری تیخوانای باکووری مەکسیک لەسەر سنووری ئەمریکا پڕیەتی لە کۆچبەرانی وڵاتانی ئەمریکای لاتین و دەیانەوی بپەڕنەوە بۆ ئەمریکا. بەڵام ماوەیەکە کۆچبەری وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش، لەوانە کۆچبەرانی سووریایی و ئەفغانستان و یەمەنیش روویان لەو شارە کردووە.
مەیسەم عوجێلی، کۆچبەرێكی سووریاییە و دەڵێت: "لەوبڕوایەدام دەرفەتی زیاتر لە ئەمریکا هەیە و هەلی زیاتر هەیە بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی باش. وەکو دەزانی لە چەند ساڵی رابردوودا ئەورووپا رێکارەکانیان بەرامبەر بە کۆچبەران زەحمەت کردووە، ئەوەش گەورەترین هۆکارە کە ئەم رێگەیەم هەڵبژاردووە."
فەنا ئەحمەدی، کۆچبەری ئەفغانستانییە و ئاماژە بەوە دەکات: "گەیشتن بە ئێرە ئاسان نییە. من لەسەرەتا چوومە ئێران و لەوێ داواکاری ڤیزای مرۆیی بەرازیلم پێشکێش کرد و وەرمگرت و دواتر چوومە بەرازیل و لەوێشەوە چەند وڵاتێکی دیکەم کرد تاوەکو گەیشتمە مەکسیک. رێگەکەم ئاسان نەبوو، بەڵام ئێستا خۆشحاڵم کە لێرەم."
لە تیخوانا ژمارەی کۆچبەرانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و موسڵمان ئەوەندە زۆر بووە، مزگەوتیشیان بۆ دروست کردوون.
بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی مەکسیکی، تەنیا لەسەرەتای ساڵەوە، نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار کۆچبەر کە خەڵکی 177 وڵاتی تێدایە. هاتوونەتە مەکسیک بەهیوای لەو وڵاتەوە بچنە ئەمریکا.
سۆنیا گارسیا، چالاکڤانی بواری کۆچبەرانە و دەڵێت: "لێرە خەڵک دەیانەوێت راستەوخۆ خۆیان بگەنە ئەمریکا، چونکە هەندێکیان زۆر چاوەڕێ دەکەن و دەکەونە دۆخێکی ناجێگیرەوە و هەوڵدەدەن بە نایاسایی خۆیان بگەیەننە ئەمریکا سەرەڕای ئەوەی رێگەکە زۆر زەحمەتە."
پرسی کۆچبەران بووەتە پرسێکی گەرمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئەو وڵاتە ئەمریکا سنوورەکانی لەگەڵ مەکسیک توندکردووە و ژمارەی چوونی کۆچبەران کەمیکردووە، ئەمەش لەکاتێکدا ساڵی رابردوو دوو ملیۆن و 400 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە مەکسیکەوە چووبوونە ئەمریکاوە. لەمانگی کانوونی یەکەمی پاردا رۆژانە نزیکەی 10 هەزار کۆچبەر لەو سنوورانە پەڕیوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ