دلاوەر ئاژگەیی: بەلامانەوە گرنگە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەوروپا بە بەهێزی بهێڵینەوە

20-06-2023
هیدایەت جان
 دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لۆکسەمبۆرگ
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لۆکسەمبۆرگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتانی لۆکسەمبۆرگ، هۆڵەندا و بەلجیکا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانە کۆدەبێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 20ـی حوزەیرانی 2023، دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە چەند رۆژی داهاتوودا سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتانی لۆکسەمبۆرگ، هۆڵەندا و بەلجیکا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتیی ئەوروپا کۆدەبێتەوە.
 
ئاژگەیی دەڵێت: "هەرێمی کوردستان بەلایەوە گرنگە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بە بەهێزی بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەی هەیەتی، بە بەهێزی بهێڵێتەوە. هەرچەند هەرێمی کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵام پێگەی نێودەوڵەتی و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ دنیای دەرەوە زۆر بەهێزە".
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکانی سەفین دزەیی لە وڵاتانی ئەوروپا کرد و گوتی، لە کۆبوونەوەکاندا لەسەر دوایین پێشهاتەکان گفتوگۆ دەکرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بەرنامە و پرۆژانەی بۆ داهاتوو هەیەتی، لەگەڵ لایەنە ئەوروپییەکان دەیخاتە بەرباس بۆ ئەوەی لەو شوێنانەی بە پێویستی دەزانن، هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن.
 
دلاوەر ئاژگەیی گوتیشی، "لە کۆبوونەوەکاندا پرسی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و رۆڵی هەرێمی کوردستان تێیدا؛ پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و بارودۆخی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و یەکێتیی ئەوروپا گفتوگۆ دەکرێن".
 
دلاوەر ئاژگەیی لەبارەی کۆبوونەوەکانی سەفین دزەیی لەگەڵ بەرپرسانی لۆکسەمبۆرگ گوتی، "لۆکسەمبۆرگ وڵاتێکی بچووکە، بەڵام پێگەیەکی بەهێزی لە ئەوروپادا هەیە و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، وەزیری کاروباری یەکێتیی ئەوروپایە و سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە؛ لە کاتی تەنگانەدا هاوکاریی ئێمە بووە و لە کۆبوونەوەکانی یەکێتیی ئەوروپا پاڵپشت و دەنگی هەرێمی کوردستان بووە، بۆیە بەلای لۆکسەمبۆرگیشەوە گرنگە گوێگری داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بن".
 
ئاژگەیی باسی لەوەش کرد، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان "گرنگییەکی زۆر"ی بە کەرتی کشتوکاڵ داوە و هۆڵەندا و بەلجیکاش کە دوو وڵاتی پێسکەوتوون لەو بوارەدا، دەتوانن هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن، هەرچەند هەردوو وڵات ئێستا پڕۆژەی کشتوکاڵیان لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام لەو سەردانەدا دەیانەوێت ئەو هاوکاری و پاڵپشتییە فراوانتر بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.