ئاوازی مۆسیقای ئەفریقی لە قوبرس دەنگدەداتەوە

رووداو دیجیتاڵ

رۆژانە ئاوازی مۆسیقای ئەفریقی لە شەقامەکانی شاری نیکۆسیای پایتەختی قوبرس دەنگداتەوە. ئەمەش رێگە بە کۆچبەران دەدات بۆ ساتێکیش بێت نەهامەتییەکانی ژیانی کۆچبەری لەبیر بکەن.
 
ئیبراهیم کامارا، کۆچبەرێکە و باس لەوە دەکات، "دەمەوێت لە رێگەی تەپڵ لێدان و میوزیکەوە خەڵک لە یەکدی نزیک بکەمەوە و کەسە جیاوازەکان پێکەوە ببەستمەوە و ئەو هەستە گەورەیە فراوانتر بکەم کە تەپڵ و میوزیک دەیبەخشن".
 
ئایزاک یوسیش کۆچبەرێکی ئەفریقییە و سێ ساڵە لە قوبرس دەژی. ئەو گرووپێکی میوزیکی بەناوی سکای باند پێکهێناوە، بەمەبەستی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە کولتوورییەی لەنێوان کۆچبەران و قوبرسییەکان هەیە.
 
ئایزاک یوسی دەڵێت، "لەسەرەتا هەندێک لە خەڵکەکە گومانیان لە بیرۆکەکەمان هەبوو بەوەی کۆچبەر بتوانن میوزیکی خۆش پێشکێش بکەن، بەڵام دواتر بۆچوونیان گۆڕدرا. ئێمە دەمانەوێت تێکەڵاو بین و گۆرانی بڵێین و هەوڵی نزیککردنەوەی خەڵکی دەدەین".
 
قوبرسییەکان پێیان وایە وڵاتەکەیان تائێستا نەیتوانیوە بەهرە و دەستڕەنگینی کۆچبەران بقۆزێتەوە.
 
ماریا دێمۆستێنس، سەرپەرشتیاری تیمی میوزیکی سکای باندە و دەڵێت، "هۆکاری پشتگیریکردنم لەم گرووپە ئەوەیە ئێمە هەمیشە ئەو خەڵکە وەکو کۆچبەر تەماشا دەکەین، بەڵام پێویستە وەک مرۆڤ سەیریان بکەن و بشزانین چی بوون پێش ئەوەی کۆچ بکەن".
 
نزیکەی 5٪ی دانیشتووانی قوبرس کۆچبەرن و حکومەتیش رایگەیاندووە، مانگانە زیاتر لە هەزار و 500 داواکاری مافی پەنابەرێتی پێشکێش دەکرێن.