دەیان گەورە کۆمپانیا بەڵێن دەدەن 250 هەزار هەلی کار بۆ پەنابەران لە ئەوروپا بڕەخسێنن
رووداو دیجیتاڵ
لە لووتکەیەکی تایبەت لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، دەیان گەورە کۆمپانیای جیهانی بەڵێنیان دا دەیان هەزار هەلی کار بۆ پەنابەران لە ئەوروپا بڕەخسێنن.
رێکخراوی "خێوەتی هاوبەش بۆ پەنابەران" رۆژی دووشەممە (19-6-2023) لە چوارچێوەی چالاکییەکانی رۆژی جیهانیی پەنابەراندا، لە شاری پاریس ئاهەنگێكی تایبەتی رێکخست و 40 گەورە کۆمپانیای جیهان بەشداریان تێدا کرد.
کۆمپانیای ئامازۆن و چەندین گەورە کۆمپانیای دیکە بەڵێنیان دا بە رەخساندنی دەیان هەزار کار بۆ ئەو پەنابەرانەی، نیشتەجێیی ئەوروپان، بە دیاریکراویش پەنابەرانی ئۆکراینی.
حەمدی ئۆلۆکایا، گەورە بازرگانی کورد و خاوەن و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای چۆپانییە، رایگەیاند "ئامازۆن و زنجیرە هۆتێلەکانی هیڵتۆن و چەندین گەورە کۆمپانیایەکی دیکە، بەڵینیانداوە هەلی کار بۆ 250 هەزار پەنابەر بڕەخسێنن".
بەگشتی، بڕیارە 4 کۆمپانیا نزیکەی 14 هەزار هەلی کار بڕەخسێنن.
ئامازۆن بە سێ قۆناخ لە سێ ساڵدا هەلی کار بۆ 5 هەزار پەنابەر دەڕەخسێنێت؛ زنجیرە هۆتێلەکانی هیڵتۆن، هەزار و 500 هەلی کار و کۆمپانیای تێلپێرفۆرمێنسی فەرەنسی بۆ پەیوەندییەکان، 500 هەلی کار دەڕەخسێنێت.
152 هەزار هەلی کاری دیکە لە لایەن سێ گەورە کۆمپانیای نێودەوڵەتییەوە دەڕەخسێندرێن، کە نەیانویستووە ناویان لە میدیا بڵاوببێتەوە.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو دەستپێشخەرییە "کورتهێنانی دەستی کار و کرێکارە" کە بەرۆکی ئەوروپای گرتووە لە کاتێكدا ملیۆنان پەنابەر بە تایبەتی ئۆکراینی لە ساڵ و نیوی رابردوودا نیشتەجێی ئەوروپا بوون.