خنکان لە دەریای نێوەڕاست.. چیرۆكە خەمناکە بەردەوامەکەی کۆچبەران

رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆی 750 کۆچبەری سەر ئەو کەشتییەی ناوەڕاستی ئەم مانگە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی یۆنان نقووم بوو، تەرمی 78 کۆچبەر دۆزراونەتەوە، 104 کەسیش رزگار کراون. ئەوانی دیکە بێسەروشوێنن و ئەگەری زۆرە بووبێتنە خۆراکی قرشەکانی دەریا.
 
حەمیدە لە قاهیرەی میسر بۆ کوڕە 18 ساڵەکەی دەگری کە لە رێگەی دەریای نێوەڕاست بەرەو ئەوروپا، خنکاوە. حەمیدە تەنیا کەس نییە بەهۆی ئەو رێگایە، جەرگی سووتابێت. نەتەوە یەکگرتووەکان جگە لە دەربڕینی هاوخەمی، داوای سزادانی قاچاخچییەکان دەکات.
 
جێرمی لۆرێنس، گوتەبێژی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، "لە دەستدانی خەمناکی ئەو کۆچبەرانە لە دەریای نێوەڕاستدا تراژیدیایەکی دڵتەزێن بوو، پێویستە لێکۆڵینەوە بکرێت و قاچاخچییانی بەرپرسی ئەو کارەساتە سزا بدرێن".
 

 
ئامارە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن، نزیکەی 750 هەزار کۆچبەر لە لیبیا چاوەڕێی هەزاران قاچاخچین تاوەکو بە دەریای نێوەڕاستدا بەرەو ئیتالیا یان یۆنان بیاننێرن. بەشێکیان لە ناوەندی تایبەتدا دەستبەسەرن.
 
موستەفا جەهانی، بەرپرسی لیبی بۆ کاروباری کۆچبەران دەڵێت، "لە ماوەی رابردوودا هاوکاریمان پێشکێشی 500 کۆچبەر کرد، بەڵام تاوەکو دێت ژمارەیان زیاتر دەبێت، پێویستە سەری مارەکە لەنێوببرێت کە ئەویش قاچاخچییەکانن".
 
 
 
رێكخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، دەڵێت لە 2014ـەوە تاوەکو نیسانی ئەمساڵ، زیاتر لە 20 هەزار کۆچبەر بوونەتە خۆراکی ماسییەکانی دەریای نێوەڕاست.
 
لەسەر ئەو بازرگانییە قاچاخچییان لەنێوان 20 تاوەکو 35 ملیار دۆلار قازانجیان کردووە. لە 37٪ـی کۆچبەرە رزگاربووەکانیش لە لایەن قاچاخچییەکانەوە هەراسانکراون یان دەستدرێژییان کراوەتەسەر.