رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێک بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی سزاکانی دادگەی ئەنقەرە لە دۆسیەی کۆبانێ بە رووداوی رایگەیاند، لەو سزایانە نیگەرانن و لە نزیکیشەوە بەدواداچوون دەکەن.
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی ئیمەیڵەوە وەڵامێکی پرسیاری کاروان فەیزی دری، ئیدیتەری دیسکی ئینگلیزیی رووداوی لە بارەی سزادراوانی دۆسیەی کۆبانێ دایەوە: "ئێمە نیگەرانین و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسانە دەکەین."
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها گوتی: "ئەمریکا پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ئازادی رادەربڕین لە تورکیا دووپاتدەکاتەوە. هەروەها دژایەتی ئەو کردەوانە دەکات کە مەبەست لێی دەستدرێژیکردنە بۆ سەر مافی ئازادی رادەربڕین."
رۆژی پێنجشەممە، 16ی ئایاری 2024، لە 84ـەمین دانیشتنی پرۆسەی دادگەییکردنی دۆسیەی کۆبانێ لە دژی 108 سیاسەتڤانی کورد کە ئێستا 18 کەسیان لە زیندانن، بەڕێوەچوو.
لە دانیشتنەکەدا وەک چاوەڕوان دەکرا، دەستەی دادوەران بڕیاریان لەسەر تۆمەتبارانی دۆسیەکە دا. لەنێو تۆمەتباران، سەڵاحەددین دەمیرتاش، سزای 42 ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا. یەکێکی دیکە لەوانەی سزای بەسەردا سەپێندرا، ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی کورد و هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی مێردین بوو کە بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزا درا.
ئەحمەد تورک، لەبارەی سزاکانییەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداو، راگەیاند بەو سزایانە "دەیانەوێت دەنگی سیاسەتڤانانی کورد کپ بکەن." گوتیشی بڕیارەکانی تایبەت بە دۆسیەی کۆبانێ هیچ قازانجێکیان بۆ گەلانی کورد و تورک نییە.
رووداوەکانی کۆبانێ لە رۆژانی 6 و 8ـی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا. دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە.
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند. گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس بریندار بوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێنران.
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد، هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگە، خرانە زیندانەوە.
یەکەم دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە رۆژی 26ـی نیسانی 2021 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ