دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان داوای دەستگیرکردنی نەتەنیاهوو و سێ بەرپرسی باڵای حەماس دەکات
رووداو دیجیتاڵ
داوا لە دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان دەکرێت بڕیاری دەستگیرکردنی بەرپرسانی ئیسرائیل و حەماس بە تۆمەتی ئەنجامدانی "تاوانی جەنگ" دەربکرێت.
کەریم خان، داواکاری گشتی لە دادگەی نێودەڵەتیی تاوان دەڵێت: "لەسەر بنەمایەکی بڕواپێکراو و ئەو بەڵگەنامانەی کۆکراونەتەوە و لەلایەن نووسینگەکەمەوە لێکۆڵینەوەیان تێدا کراوە؛ بنیامین نتنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بەرگری یۆئاڤ گاڵانت بەرپرسیارن لەو تاوانانەی لەنێو خاکی دەوڵەتی فەلەستین کراون.
هەروەها سێ سەرکردەی باڵای حەماس؛ یەحیا سینوار، محەممەد زێف و ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسیارن لەو تاوانانەی لەنێو خاکی ئیسرائیل دژی مرۆڤایەتی کرا، وەکو تاوانی جەنگیش هەژمار دەکرێت."
کەریم خان داوا دەکات بە تۆمەتی "برسیکردن، کوشتنی بە ئەنقەست و کۆمەڵکوژی" فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیانە دەربکرێت.
داواکاری گشتیی رایگەیاند سەرکردەکانی حەماس تۆمەتبارن بە "کۆمەڵکوژی، کوشتن، بە بارمتەگرتن، دەستدرێژیی و تووندوتیژیی سێکسی، ئەشکەنجەدان، کاری نامرۆڤانە، مامەڵەی خراپ و شکاندنی شکۆ."
ئیسرائیل کاتس، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت: "ئەو بڕیارە ئابڕووبەرانەی داواکاری گشتی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان لە لاهای، هێرشێکی راستەوخۆیە بۆ سەر قوربانیانی هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەر و بارمتەکانمان لە غەززە. داواکاری گشتیی بەهەمان هەناسە باس لە سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری و دڕندە نازییەکانی حەماس دەکات، کە ئەمەش شەرمەزارییەکی مێژووییە کە هەرگیز لەبیر ناکرێت."
بەگوێرەی پەیڕەوی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان، لەدوای بەرزکردنەوەی داواکە، لیژنەیەکی تایبەت کە پێکهاتووە لە ژمارەیەک دادوەر، بڕیار لەسەر ئەو داوایە دەدەن کە ئایا شیاوی جێبەجێکردنن یان رەتکردنەوە.
لەئەگەری جێبەجێکردنی بڕیارەکە، 124 وڵاتی ئەندام لەو دادگەیە دەتوانن نەتەنیاهوو دەستگیر بکەن لەئەگەری گەشتکردنی سەرۆکوەزیران بۆ یەکێک لەو وڵاتانە، بەڵام ئەوکاتیش وڵاتەکە ئازادە چ بڕیارێک دەدات و بڕیارەکە پابەندکار نییە.
بزووتنەوەی حەماس هاوشێوەی ئیسرائیل، هەرزوو داواکەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "بزووتنەوەکەمان، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هەوڵانەی داواکاری گشتیی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان دەکات، بۆ قوربانیان و بکوژان وەکو یەک تەماشا بکات، بەوەی داوای دەستگیرکردنی چەند سەرکردەیەکی بەرهەڵستکاری فەلەستینی دەکات."
جەنگی غەززە زیاتر لە حەوت مانگە بەردەوامە و بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 35 هەزار و 500 فەلەستنی کوژراون. بەگوێرەی حکومەتی ئیسرائیلیش، لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هەزار و 160 کەس کوژران و لانیکەم 240ی دیکەش بەبارمتە گیراون.