کۆمپانیای Bell Textron بۆ رووداو: زانیاریمان لەسەر ئەو هێلیکۆپتەرە نییە کە سەرۆکی ئێران بەکاریهێناوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای Bell Textron بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان هیچ زانیارییەکیان دەربارەی ئەو هێلیکۆپتەرە نییە کە سەرۆککۆماری پێشووی ئێران بەکاریهێناوە.
رۆژی دووشەممە 20ـی ئایاری 2024، جەی هێرناندێز، بەڕێوەبەری بەشی فرۆشتن لە کۆمپانیای Bell Textron لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا، گوتی "دەتوانین ئەوە دووپاتبکەینەوە کە کۆمپانیاکەمان هیچ کار و چالاکییەکی لەنێو ئێراندا نییە.. ئێمە هیچ زانیارییەکمان دەربارەی دۆخی ئەو هێلیکۆپتەرە نییە، کە لە رووداوەکە تێوەگلاوە."
هێلیکۆپتەری Bell 212، کە سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی دەگوازتەوە و کەوتە خوارەوەو تێکشکا، لەلایەن کۆمپانیای Bell Helicopterـی ئەمریکی دروستکراوە و ساڵی 1968 یەکەم فڕینی پێ کراوە.
بەشێک لەو هێلیکۆپتەرانەی کە کۆمپانیاکە دروستی کردووە کێشەیان لە پەروانەکەیان بۆ دروست بووە و کۆمپانیاکە هۆشداری بە بەکارهێنەرانی داوە کە دەبێت ناوە ناوە پەروانەکەیان چاک بکرێتەوە.
کۆمپانیا ئەمریکییەکە لە ساڵی 1998ـەوە دروستکردنی ئەو جۆرە فڕۆکەی راگرتووە و هۆکارەکەشی بۆ "دروستکردنی مۆدێلی پێشکەوتووتر و زۆری تێچووی بەرهەمهێنان" گەڕاندووەتەوە.
هێلیکۆپتەرەکە لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمریکا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ئەرجەنتین و سعودیە بەکاردەهێندرێت، هەروەها پۆلیسی سلۆڤینیا، کرواتیا، سڕبیا و مەسەدۆنیای باکوور هێلیکۆپتەرەکە بەکاردەهێنن.
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە 19-05-2024 دوای تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەیان لەکاتی گەڕانەوەیان لەسەر سنووری ئازەربایجانەوە بۆ شاری تەورێزی ناوەندیی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرەکانی گیانیان لەدەستدا.
لەگەڵ رەئیسی، هەریەک لە حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران؛ ئایەتوڵڵا ئەلهاشم، پێشنوێژ و گوتارخوێنی تەورێز؛ مالیک رەحمەتی، پارێزگاری تەورێز؛ سەرۆکی پاسەوانەکان و پاسەوانێکی سەرۆککۆمار، فڕۆکەوانەکە و دوو یاریدەدەری لە هێلیکۆپتەرەکەدا بوون و گیانیان لەدەستدا.